هەڵوێستەیەک لەسەر فیلمی\"چ\" لەرەهەندی فەرهەنگی-مێژووییەوە/وتووێژ+فیلم

13:54 - 22 رێبەندان 2713

 

ئاژانسی كوردپا: یەكەمین بەرهەمی سینەمایی ئیبراهیم حاتمی كیا، دوای ماوەیەك دابڕان لەكاری سینەما، لەگەڵ پەرچەكرداری توند، لەكوردستان بەرەوڕوو بوویەوە.
فیلمی ٨٩ خولەكی \"چ\" لەدرهێنەریی ئیبراهیم حاتمی كیا كە باس لە شەڕی كوردستان دەكات، لە ٣٢‌هەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایش كرا.

حوزووری ٧٢ كاتژمێری چەمران (جێگری دەوڵەتی كاتی لەكاروباری ئینقلاب\" لەكۆتایی گەلاوێژی ٥٩ لەكوردستان لەو فیلمەدا باس كراوە كە ئەو كاتە لەسەر بڕیاری خومەینی چۆتە شارستانی پاوە و هەورامانات و لەوێدا بەدژی حیزبە كوردییەكان شەڕی كردووە.

\"18315.jpg\"

 

چەمران له پاوه

لەحاڵی حازردا فیلمی \"چ\" لەگەڵ پەرچەكردار و رەخنەی توندی هاووڵاتییانی كورد و كەسایەتییە فەرهەنگیی و سیاسییەكان بەرەوڕوو بۆتەوە.

سەبارەت بە ئامانجی دروست كردنی ئەو فیلمە و سیاسەتەكانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران لە دروست كردنی فیلمەكانی بەناوی \"بەرگریی پیرۆز\"(دفاع مقدس)، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەگەڵ دوو كەسایەتیی فەرهەنگی و سیاسیی كوردستانی ئێران وتووێژی پێكهێناوە.

موختار هۆشمەند چالاكی فەرهەنگی و دانیشتووی ئاڵمان لەمەڕ دروست كردنی فیلمی \"چ\"‌و سیاسەتە گشتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەپێوەندیی لەگەڵ رووداوەکانی سەرەتای ئینقلابدا وتی: ئێمە لە هەڵەداین ئەگەر بڵێین كە بە هاتنی دەوڵەتی \"تدبیر و امید\"‌ی حەسەن روحانی، دەسەڵاتی زاڵ بە سەر ئێراندا، روانینی تایبەتی ئەمنیەتی، سیاسیی، فەرهەنگی و مێژوویی بۆ سەر ناوچە كوردنشینەكان گۆڕیوە، ئەو ئامانج و بەرنامانە گشتییە لە گەڵاڵە درێژ خایەنەكانی دەسەڵاتن.

\"18312.jpg\"

موختار هۆشمەند:چەمران كە لەو فیلمەدا ویستوویانە وەكوو كەسایەتیەک لە رووداوەكانی گەلاوێژی ٥٨ لەقەڵەمی بدەن، بە كەسێكی \"سەركوتكەر\" كە بە هزاران كیلۆمیتری بڕیوە و هاتۆتە كوردستانەوە وەسف دەكات

هۆشمەند دەشڵێت: چەمران كە لەو فیلمەدا ویستوویانە وەكوو كەسایەتیەک لە رووداوەكانی گەلاوێژی ٥٨ لەقەڵەمی بدەن، بە كەسێكی \"سەركوتكەر\" كە بە هزاران كیلۆمیتری بڕیوە و هاتۆتە كوردستانەوە وەسف دەكات و لەم ساڵانەی دواییدا بە جۆرێک لەجۆرەكان لەبیر كرابوو. ئەو دەرهێنەرە \"ئینقلاب\"‌یەش جارێكی دیكە كەسایەتیی چەمرانی سەر لەنوێ‌دروست كردۆتەوە و مێژووی راستەقینەی شەر لە هەورامانات چەواشە دەكات.

ئەو چالاكە فەرهەنگییە كوردە لەوڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆچی كەسانی دیاری بواری سینەما ئامادەن وەكوو ئەكتەر لەو فیلمانەدا رۆڵ ببینن، گوتی: بەداخەوە ئەكتەرانی شانۆ و سینەما لەئێران بێ‌ئەوەی لێكەوتەی سیاسی، كۆمەڵایەتی و پەرچەكرداری هاووڵاتییان بەتایبەت لەچوارچێوەی جوغرافیایی نەتەوەكانی دانیشتووی ئێران و كوردستان لەبەر چاو بگرن، لەو فیلمانەدا رۆڵ دەگێڕن و لەو فیلمانەش دەتوانین ئاماژە بە \"كانی مانگا، بانی چاو، ئەشکی سەرما، دەڕەی شللێر و زیندانی دۆڵەتوو\" لە دەنگ و رەنگی حكوومەتی ئێراندا بكەین.

موختار هۆشمەند وتیشی: من وەكوو خۆم زۆرم لا سەیرە لەوەیكە ئیبراهیم حاتمی كیا دوای دابڕانێكی زۆر لەكاری سینەما، بۆ لای ئەو سیناریۆیە چووە، هەر چەندە ئەو دەرهێنەرە یەكەمین بەرهەمی خۆی لەژێر ناوی \" شەڕ و بەرگریی پیرۆز\" ساز كردووە.

زیاتر لە سەد كەس لەو فیلمەدا رۆڵیان بینیوە كە فەریبۆرز عەرەنیا، مریلا زارعی و مەهدی سوڵتانی لە ئەكتەرانی سەرەكیی فیلمی \"چ\"‌ن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری كوردپا لەگەڵ چالاكێكی سیاسیی دیكەی كورد كە لەرووداوەكانی هاوینی ساڵی ٥٨‌دا رۆڵی بەرچاوی هەبووە، دیمانەی پێكهێناوە. ئەو چالاكە سیاسییە تیشكی خستۆتە سەر لایەنە جۆراوجۆرەكانی شەڕ لەپاوە كە لەئەدەبیاتی حكوومەتی ئێراندا بە \" تاڵان و كاوڵ\" كردنی پاوە ناسراوە.

كاوە بەهرامی رووداوەكانی گەلاوێژی ٥٨‌ی پاوەی بەو شێوەیە گێڕایەوە: دوابەدوای رووداوی نەغەدە، سنە و مەریوان حكوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەكانی بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە و پێکهێنانی دوو بەرەكی لەپاوەدا چڕتر كردەوە و بەكەڵک وەرگرتن لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتیی شارەكە و هێنانە بەر باسی پرسی عەشیرەیی، سیاسەتی \" تۆوی ئاژاوە بچێنەو دەسەڵاتدار بە\" بەڕێوە دەبرد، و كەسایەتییە دیارەكانی شاری پاوە بەتایبەت لایەنگرانی حیزبی دێمۆكراتی خستبووە ژێر گوشارەوە و تەنانەت لە شانۆگەرییەكدا رێگەی بۆ خۆپیشاندان لەبەر دەم فەرمانداری خۆش كرد و دواتر هێزەكانی حیزبی دێمۆكراتی بە خەتابار لەقەڵەم دا و خەڵكی پاوەش لە هەمبەر ئەو هەوڵە چەواشەكارییەدا لە دەرەوەی شار لەشوێنێک بەناوی \"قۆری قەڵا\" مانگرتنیان راگەیاند.

\"18313.jpg\"

كاوە بەهرامی : ئەو كات هیچ كەسێک چەمرانی لە پاوە نەدەناسی و هێزەكانی حیزبی دێمۆكراتیش كە تەنیا حیزبی گۆڕەپانی خەبات لەناوچەی هەورامانات بوو، ئاگاداری هاتنی چەمران بۆ پاوە نەبوون

ئەو ئەندامەی رێبەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران باسی لە شەڕی نیزامیانی ناخۆجیەیی لەگەڵ پێشمەرگەكانی حیزبی دیمۆکرات كرد و گوتی: هەواڵی ئەو تێكهەڵچوونانە بە ناوچەكانی دیكەی ئێران و شەخسی خومەینی گەیشت و ئەویش بڕیاری هێرش بۆ سەر پاوەی دەركرد، لەو كاتەدا بوو كە چەمران لەگەڵ ئەبوو شەریف فەرماندەی عەمەلیاتی سپا و فەرماندەی هێزی زەمینی بە هێلی كۆپتێر هاتنە ناو شاری پاوە.

ئەو چالاکە سیاسییە هەر چەشنە وتووێژ و دانیشتنێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لەگەڵ چەمران رەت کردەوە و گوتی: ئەو كات هیچ كەسێک چەمرانی لە پاوە نەدەناسی و هێزەكانی حیزبی دێمۆكراتیش كە تەنیا حیزبی گۆڕەپانی خەبات لەناوچەی هەورامانات بوو، ئاگاداری هاتنی چەمران بۆ پاوە نەبوون.

بەهرامی لەدرێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، \"ئەبوو شەریف و فەلاحیان بە هێلی كۆپتێر گەڕانەوە كرماشان بەڵام چەمران بە مەبەستی هێرش بۆ سەر پێشمەرگەكانی حیزب لەپاوە مایەوە. هێزەكانی حیزبی دێمۆكراتیش چەكدارەكانی حكوومەتی ئێرانیان لە بینای ژاندارمێری گەمارۆ دابوو، دواتر هەڵسوكەوتی هێندێ‌كەسی هەلپەرەست كە بە پیلان(دسیسە)‌ی ناوەندە حكوومەتییەكان بوو لەهەوڵی ئاژاوە نانەوەدا بوون و دواتر هەر ئەو هەڵانە وایكرد، كە حیزبی دێمۆكرات سیاسەتی حەكیمانەی چوونە دەر لەشار بگرێتە بەر هەتا لەو رێگەیەوە پێش بە رژانی خوێنی كەسانی بێ‌تاوان بگرێ‌\".

شاری پاوە لە رۆژەكانی ٢٤ و ٢٥‌ی گەلاوێژ لەلایەن چەكدارەكانی سپای پاسدارانەوە گەمارۆ درا و ئاو، بەرقی لێ پچڕێندراو تەنانەت كەلوپەلی خواردەمەنیشی، كە مانگی رەمەزانیش بوو، بۆ نەدەنێردرا.

\"18314.jpg\"

ئیبراهیم حاتمی كیا، درهێنەریی فیلمی چ

دوای ئەوە حیزبی دێمۆكرات شاری پاوەی بەجێهێشت، خومەینی بڕیاری \"جهاد\"‌ی بە دژی خەڵكی كوردستانراگەیاند و هێزە حكوومەتییەكان لە رێكەوتی ٢٨‌ی گەلاوێژی ٥٨دا، ١١ مامۆستای قوتابخانەیان بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێمۆكرات و بە تۆمەتی \"مفسد فی الارض\" لەگرتووخانەی دیزڵ ئابادی كرماشان ئێعدام كرد.

فیلمی \"چ\" كە لەلایەن بونیادی سینەمایی فارابی، باسكی ئیجرایی کاروباری سیاسیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە\" دروست كراوە و تێچووی ماڵییەكەی لەكەمتر لە شەش مانگدا پێی دراوە و كەسانێكی وەكوو حەسەن خۆمەینی و مەهدی چەمران پشتیوانیان لێكردووە.

فیلمی \"چ وەكوو چەمڕان\" بە ٥ زمانی دونیا ژێرنووسی بۆ كراوە.