هەشت ساڵ زیندانیی تەعزیری بەسەر "کامیل ئەحمەدی" سەپێندرا

"کامیل ئەحمەدی" لێکۆڵەری کورد، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەری ئێران" لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، ٨ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.

"ئەمیر ڕەئیسیان" پارێزەری ئەم لێکۆڵەرە کوردە بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە تویتێری خۆیدا ڕایگەیاند: "داواکاریی پێداچوونەوە بەم حوکمە ئاراستە دەکەین  و هێشتا هیوادارین".

"کامیل ئەحمەدی" لەم پەیوەندییەدا لە پەیجی ئینیستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی: "بەپێچەوانەی هەموو شیکارییە حقووقی، پسپۆڕی و هیوا بە دادوەریی عادڵانە، لە کاتێکدا ٨ ساڵ زیندانم بەسەردا سەپێندرا کە لە سەد ڕۆژ دەسبەسەری و لێپرسینەوەی سەروویاسایی، مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرم نەبوو و پاش دوو دانیشتنی ناکارناسانەی دادگا و لە پرۆسەیەکی پڕ لە هەڵەی حقووقی ئەم حوکمە لەلایەن قازی سەڵواتی دەر کرا".

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، "کامیل ئەحمەدی"بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئێڤین ئازاد کرا.

ئەو لێکۆڵەرە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە ژووری تاکەکەسی لە بەندی "٢ی ئەلفـ"ـی گرتنگەی ئێڤین و بەندی گشتی ڕاگیرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، "کامیل ئەحمەدی" نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە خانووی کەسیی خۆی لە تاران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەزبەر، "غوڵامحوسێن ئیسماعیلی" وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران لە یازدەیەمین پرێس کۆنفڕانسی خۆیدا، لەبارەی دۆسیەی "کامیل ئەحمەدی" و لەسەر ئەوەی کە ناوبراو بە سکاڵای کام یەک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان دۆسیەی بۆ ساز کراوە، وتی: "دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە ڕاستە و بابەتەکەی، پەیوەندیی ناوبراوە لەگەڵ وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە دەزگا بیانییەکانەوە".

پاش قسەکانی وتەبێژی دەزگای دادوەری، "شەفەق ڕەحمانی" هاوسەری "کامیل ئەحمەدی" لە تویتێکدا قسەکانی ئەو بەرپرسە حکوومەتییەی لەبارەی پەیوەندیی "کامیل" لەگەڵ دەزگا بیانییەکان بەتوندی ڕەت کردەوە.