مەسعوود كورد پوور: باڵەكانی ناو دەسەڵاتی ئێران بەرنامەی سیاسییان بۆ هەڵبژاردن نیە
كوردپا: مەسعوود كورد پوور رۆژنامە نووس و چالاكی مافی مرۆڤ لەو باوەڕەدایە، بە حوكمی ئەوەی كە لەناو هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێراندا شتێك بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بوونی نیە، هەر بۆیە لەناو ئەو هەڵبژاردنەدا پێشبڕكێبوونی نیە.
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ شرۆڤە كردن و تاوتوێی كێشەی نێوان باڵەكانی ناو حكوومەتی ئێران بۆ هەڵبژاردنی خولی نۆیەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، دیمانەیەكی تایبەتیی لەگەڵ مەسعوود كورد پوور رۆژنامە نووس و چالاكی مافی مرۆڤ پێكهێنا.
كوردپا: رۆژی 12 رەشەممە وەكوو رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران دیاری كراوە و بەرەی یەكگرتوو ئوسووڵگەرەاكان نوێنەرەكانی خۆیان كە30 كەسە تەنیا لە شاری تاران دەست نیشان كردووە، ئایا بەم كارە پێشبڕكێلە نێوان باڵەكانی سەر بە رێبەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێبچێتە قۆناغێكی دیكە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا بێت؟ یان دەتوانێبۆشایی زیاتر بخاتە ناو سیستمی دەسەڵاتدارییەوە؟
مەسعوود كورد پوور:دیارە رەقابەت بەرنامەی سیاسی پێكی دێنێت و درووستی دەكات و ئەو لایەن و بەرانەی كە بەرنامەی سیاسی جیاوازییان بۆ بەڕێوە بردنی وڵات هەبێ، دەتوانن كێبڕكێبكەن، هەر بۆیە ئەوانەی كە ئێستا لە گۆڕەپانەكەدا مانەتەوە بەرنامەی سیاسی یەكدەست و یەك رەنگیان هەیە و ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەگرێكی ئەوتۆ لە پێكهاتەی حاكمیەتدا لە ئارادا نیە و ناتوانن كارێكی ئەوتۆ بكەن و ئەوانەی كە دژبەر و بیروڕای جیاوازی هەیە لە مەیدان وەدەر نراون و دەتوانین لەو پێوەندییەدا ئاماژە بە ریفۆرمخوازەكان بكەین و من پێم وایە لە نێوان ئەو دوو باڵەی دیكەدا كێشەیەكی ئەوتۆ نیە و ئەگەریش هەیە تەنیا لەسەر دەسەڵاتە و شتەكان زۆر رواڵەتین.
كوردپا: حیزبە سیاسییەكانی دەرەوەی وڵاتی ئێران لە هەڵوێستی خۆیاندا بڕیاری بایكوتیان داوە و رێفۆرمخوازەكانی ناوخۆی ئێران بڕیاری بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكانیان داوە، جیاوازی ئەو دوو وشەیە لەچی دایە؟
مەسعوود كورد پوور: دیارە حیزبەكان زیاتر لە30 ساڵە بەگشتی هەڵبژاردنەكانیان بایكۆت كردووە و شتێكی زۆر تازە نیە و ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان بێدەرەتانیی حیزبەكانی لەناو پرۆسەی سیاسیی دەسەڵاتدا دەردەخست و لە راستیدا بایكوت زیاتر بە مانای ئەوە كە نەتەنیا بۆ خۆیان بەشداری ناكەن، بەڵكوو خەڵكیش هان دەدەن كە بەشداری نەكەن و وشەی بەشداری نەكردن كە ریفۆرمخوازەكان هەڵیانبژاردووە تەنیا پێوەندیی بە ئەوانەوە وەكوو تاكەكەس هەیە و بە شێوازێكیش ئەوان پێیان خۆش نییە كە بۆ هەمیشە ماڵ ئاوایی لە پرۆسەی سیاسیی ئێران بكەن.
كوردپا: لەناو لیستەی بەرەی یەكگرتوودا كۆمەڵێك كەسی وەكوو حەداد عادل، ئەحمەد تەوەكولی، حوسێن فیدایی و بادامچیان وەبەرچاو دەكەوێو ئەوانە لە كەسانێكین بە شێوەیەكی زۆر توند رەخنە لە دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدی نژاد دەگرن، بەڕای ئێوە ئەو رەخنانە بە شێوەیەكی سیستماتیك داڕێژراون، یان دەوڵەتی دەیەم لەوپەڕی لاوازی دایە و كەمكاریی كردووە؟
مەسعوود كورد پوور: دیارە ئەو رەخنانەی كە دەیگرن زۆر ئاشكران و زۆر بە جیدیشیانە، چونكە ئەوان زۆر بە راشكاوی شتەكە دەبینن و بە حوكمی ئەوەی كە مەجلیس چاوەدێری بەسەر كاری دەوڵەتدا دەكات، باشتر لە كەموكووڕییەكان ئاگادارن، هەربۆیە رەخنەیان زۆرە و تەنانەت بەشێك لە ئامارەكانی دەوڵەت رەت دەكەنەوە و بڕیارە بە مەبەستی لێپێچنەوە سەركۆمار بانگهێشتی مەجلیس بكەن و بەشێك لە كەسانی ناو مەجلیس بەرەیەكیان پێكهێناوە و دیانهەوێكارتێكەرییان لەسەر هەڵبژاردنەكان هەبێت و دیانهەوێئەو بەرەیەی كە بە وتەی ئەوان لادەرن لە هەڵبژاردنەكان بێبەشیان بكەن.
كوردپا: لە حاڵی حازردا دوو بەرە لە ناو سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ هەڵبژاردن وەبەر چاو دەكەون كە یەكیان بەرەی مانەوەیە و ئەوی دیكەشیان بەرەی یەكگرتوویە، سەرەڕای رێنوێنیەكانی رێبەر حكوومەتی ئێران ئەو دوو گرووپە یەكیان نەگرت، بەرای ئێوە ئەو دوو گرووپە لە بەر ئەوەی رێفۆرمخوازەكان لاواز بكەن یەكیان نەگرت و ئەوە پیلانێكی دارێژراو بوو یان بە وتەی مێسباح یەزدی رەتێكی رادیكاڵی ناو بەرەی یەكگرتوو نەیانهێشت ئەو شتە سەر بگرێ؟
مەسعوود كورد پوور: من پێمایە ئەوە زۆرتر شەڕی زێرگەرییە و زۆر جیدی نیە و هەر دووكیان سەر بە ناوەندەكانی دەسەڵاتن و كێشەیەكی ئەوتۆ لە ناو قسەكانیاندا نیە و زۆرتر دیانهەوێبازار گەرمی بۆ هەڵبژاردن بكەن و هیچ كامیان كێشەیان لەگەڵ یاسای بنەڕەتیی و یاساكانی دیكەی نیزامی ئێران نیە