ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات خوازیاری لێپرسینەوە توندی بەشداربووانی ڕێورەسمی نەورۆزی \"تەرەغە\" ی بۆکان بوون

ئاژانسی کوردپا: ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەشداربووانی ڕێوڕەسمی نەورۆز \"تەرەغە\"ی شاری بۆکانی بە \"تێکدەر و لایەنگەری لە دێموکرات و کۆمەڵە\"زانیووە.

ماڵپەڕەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، دژکردەوەی سەبارەت بە ڕێوڕەسمی بەشکۆی جێژنی نەورۆز لە شاخی\"تەرەغە\"ی بۆکان، نیشاندا و ڕایگەیاند: \"لایەنگەرانی دێموکرات و کۆمەڵە لە ڕۆژی ڕووناک بوونی خۆیان ڕاگەیاند.

ئەو ماڵپەڕانە دووپاتیان کردووەتەوە: \"ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاخی تەرەغە، هاوکات لەگەڵ بانگەوازی حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە بەڕێوەچووە\".

ئەو ماڵپەڕانە پێداگریان لە سەر لێپرسینەوە و هەڵسووکەوتی بەشداربووان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بوون و ڕوو لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان دەڵێن: \"شیاوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ تێکدەرانی شاخی تەرەغەی هەڵسووکەوت بکەن و ئیزنی خۆنیشان بە لایەنگەرانی گرووپە کوردییەکان لە ڕۆژی ڕووناک نەدەن و هەر چی زووتر بە نیسبەت پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانانە دەسبەکار بن و ئیزنی کەڵکوەرگرتن لە دوژمنان، لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەی نەتەوەیی لە ئیران نەدەن\".

ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەممە ٩٧، هاووڵاتییانی شاری بۆکان بە ئامادەبوون لە شاخی \"تەڕەغە\" و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەشکۆی تەرەغە، بە پێشوازی جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێوە، چوون.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو ڕێوڕەسمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆشحاڵی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ و نەورۆز لە کوردستاندا کەمپەینێکی لەژێر ناوی \"نەورۆز، سەمای ئازادی\" وەڕێخستووە کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، لە دژکردەوە بەو کەمپەینە، خەریکی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدان دەستیان به دەسبەسەر کردنی چالاکانی کورد کردووە.