مانۆر و رێوڕەسمەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی سەردەشت + وتووێــژ

 

ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای کوژرانی چەند ئەندامێکی سپای پاسداران لە ناوچەی سەردەشت، سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران بە بەشداریی کۆمەڵێک لە فەرماندەرانی نیزامی و بنەماڵەی کوژراوەکان رێوڕەسمێکی لەو ناوچەیە بەڕێوە برد.
لەو رێوڕەسمەدا کە یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی ورمێ لێدوانی لە \"حوسێن زولفەقاڕی\" فەرماندەری مەرزبایی وڵاتی ئێــران وەر گرتووە کە تیایدا جەخت لەسەر چەند چەمکێکی وەک \" ئیسار، ئەمنیەتی پایدار، گیانبازی لە رێگەی ئیسلام و نامووس\" کردووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی تاووتوێ کردنی ئەم چەمکانە و بەکارهێنانیان روانگەی حکوومەتی ئێڕان و هەروەها بارودۆخی هەنووکەیی و رۆڵی سپای پاسداران لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، دیمانەیەکی تایبەتی پێکهێناوە.

\"15232.jpg\"

 

چەکۆ رەحیمی،ئەندامی کومیەتی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات

\"چەکۆ رەحیمی\" لەسەر ئەو باوەڕەیە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران بەپێی ئەو چوارچێوەی کە لە سەرەتادا بۆی خۆی داێڕشبوو، ئینقلاب بۆ دنیای دەرەوە بنێرێت، پێویستی بە باڵێکی بەهێـزی نیزامی هەبوو کە لە ئەنجامدا سپای پاسدارانی دامەزراند بەڵام لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات.

ئەو ئەندامەی کومیەتی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات سەبارەت بە چەمکی \"ئەمنیەتی پایدار\" ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڤین، \"ئەمنیەتی پایدار\" مانای نییە و لە هێچ جێگەیەکی جیهاندا ناتوانێ سەتا سەت بوونی هەبێت، کۆماری ئیسلامیش پێیوایە کە هەبوونی سپای پاسداران، هەوێنی سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەیە، ئەوە لە حاڵێک دایە کە سپای پاسداران بۆخۆی هۆکاری نائەمن بوونی ناوچەکەیە و دەست و پەنجەی بە هەموو پشێوەیەکانەوە دیارە، ئەمەش لە کاتێک دایە کە لە کوردستان هیچ ئاژاوەیەک نییە کە ئەوان دەیانهەوێ دۆخێکی نائەمن لە سیمای کوردستان نیشان بدەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەوەی چاوی لە راستییەکان نوقاندووە و نایهەوێ راستییەکان ببینێت و لەگەڵ گۆران نییە، پێیوایە ئەمنیەتی جیهان ئەو دابینی دەکات.

چەکۆ رەحیمی لە وڵامی پرسیارێکدا کە مەبەستی سپای پاسداران لە گرتنی رێوڕەسم بۆ کوژراوەکانی خۆی لە ناوچە کوردنشینەکان چییە، رایگەیاند، سپای پاسداران دەیهەوێ لەم رێگەیەوە بە خەڵک بڵێ کە ئەگەر لەگەڵ من بن دەتانپارێزم و ئەگەریش کەسێکتان کوژرا و چلە و رێوڕەسمیان بۆ بەرێوە دەبەم و لەو رێگەیەوە تەنیا دەیهەوێ \"خۆشیرینی\" بکات\".

\"15231.jpg\"

شۆڕش شاباز، چالاکی فەرهەنگیی

لەلایەکی دیکەوە \"شۆڕش شاباز\" چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی ئیلام، پێیوایە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران پرسی کورد لە روانگەیەکی ئەمنیەتییەوە پێناسە دەکات نەک سیاسی، بۆیە ئەگەر بەرپرسانی نیزامی و سپای پاسداران باس لە کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک: \"نامووس، ئیسار و هتد... لە کوردستان دەکەن، دەیانهەوێ دوو سیمای جیاواز لە کورد بە دنیای دەرەوە نیشان بدەن.

یەکەم: ئەوەی کە دەڵێ بەشێکی زۆری لەگەڵ منە و کۆنگرەی \"پێشمەرگە موسڵمان\"ـەکانیان بۆ بەڕێوە دەبەم و ئەو بەشەی دیکەش کە بە دژە شۆڕش ناویان دەبات، دەیانهەوێ ئەمنیەتی وڵاتی من تێک بدەن.

دووەم: دەیانهەوێ بەم جۆرە هەڵسووکەوتانە: دژایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەن، چونکە کۆنگرەی نەتەوەییبە مەترسی دەزانێ، دەیهەوێ بە ناسنامەی کوردبوونی \"جاش\"ـەکانەوە رەوایی بە کۆنگرەی \"پێشمەرگە موسڵمانەکان\" بدات.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە سەبارەتی بە بەرێوە بردنی رێوڕەسمەکانی چەند رۆژ پێش ئێستای سپای پاسداران لە ناوچەی سەردەشت، رایگەیاند؛ حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران دەیهەوێ بە بەڕێوە بردنی ئەو جۆرە رێوڕەسمانە دۆخێک بخولقێنێت کە تەنیا کورد بەدەستی کورد بکوژرێت و ئەمەش دەچێتە ئەو خانەیەوە کە دوو سیمای جیاوز لە کورد نێشان بدات کە ئەمە هیچ خزمەتێک بە کورد و چارەسەریی پرسی کورد ناکات.

لە لایەکی دیکەوە و بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سپای پاسداران لەماوەی رۆژانی رابردوودا هێزێكی زۆری نیزامی، لە نێوان سنوری شارەکانی بانە و مەریوان\" بۆ هەرێمی كوردستان جێگیـر کردووە.

شۆڕش شاباز سەبارەت بە وتەکانی \"جێگری بەرپرسی سیاسی ئەمنیەتیی ئوستانی کوردستان\" کە رایگەیاندبوو ئەحزابی سوونەتی لە کوردستاندا نەماون\"، گوتی: سەرەتا پێویستە بڵێم کە من ئەندامی هیچ حێزبێک نیم، پاشان ئەم وتانە دوورن لە راستی، چونکە ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشێکی فەرهەنگی کراوەو ئەم بووژانەوەی فەرهەنگییە و بەرەوپێش جوونی رەوتی رۆشنبیرییە، بەشێکی بەرچاوی کاریگەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی ئەو حێـزبە نەتەوەییانەی لە پشت بووە، کە بە وەرچەرخانێکی فەرهەنگی ئەژمار دەکرێت، بۆیە من پێموایە ئەم وتانە تەنیا رەنگی دروشمیان هەیە\".