لە ٢٣ی پووشپەرەوە بەرەو ٢٥ی گەلاوێژ

مەجید حەقی

ئاسەوارەکانی تیرۆری دکتور قاسملوو هەروا لە سەر جەستەی حیزبی دێموکرات و بزاڤی کورد بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دیارە. دکتور قاسملووش وەک هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی ماوەی ژیانی هەتاهەتایی نەبوو، بەڵام لە دەستدانی کوتوپڕی رێبەرێکی کاریزما کاردانەوەی قووڵترە لەوەی کە دەسەڵاتی رێبەر بەشێوەیەکی ئارام و لە رووی پرۆسە ئاساییەکانی خۆیەوە لە ناو رێکخراودا جێبەجێ بکرێت. لە دەستدانی دوابەدوای رێبەرانی حیزبی دێموکرات لە ٢٢ی پووشپەری ١٩٨٩ و خەرمانانی ١٩٩٢ بەو شێوە تراژیک و هەڵسوکەوتی ناجوانمێرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ستەمی دەزگای دادی دەوڵەتی ئوتریش بوو بەهۆی گۆڕانکاری  خێرا و چاوەڕواننەکراوی دەسەڵات لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا و پێکهاتنی تراومایەکی کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی لە هەموو بنەماڵەی دێموکرات.  

ئەم کارەساتە نەخوازراوانە سەرەرای ئەوەی کە بوون بە هۆی بەهێزبوونی هەستی هاوسۆزی خەڵک لە گەڵ حیزبی دێموکرات، رووداوەکانی دوای ئەو و شەپۆڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەندامانی حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی ئوپۆزیسیۆن بوون بە هۆی زەمینگیر بوونی رێکخراوەکان و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی و دەسپێکی قووڵبوونەوەی کێشەکانی ناو حیزبی دێموکرات و بەشەخسی کردنی کێشەو پرسەکانی رێکخراوەیی.

دانپێنان بەو راستیە تاڵە لەوانەیە ناخۆش و بەژان بێت، بەڵام راستیەکە کە تا دانی پێدانەهێنین ناتوانین ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لە ژیانی رێکخراوەیی وخەباتی خۆماندا پێک بێنین. لە دەست چوونی دکتۆر قاسملوو بە شێوەیە کوتوپڕ و تراژیکە بوو بەهۆی لە دەست چوون و ون بوونی ئاسۆی سیاسی لە ناو حیزبی دێموکرات و پێکهاتنی فراکسیۆن و \"جیناحی\" دژبەیەک لە ناو حیزب دا، کە هەموو سەرنجیان بەرەو ئامانجە بچووکەکان و بچووککردنی حیزبی دێموکرات کۆ بووە. ئەنجامی ئەو دووپاتکردنەوەی قووڵتری هەڵە مێژووییەکان و پێکهاتنی جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب و درێژەکێشانی ئەو جیابوونەوە زیاتر لە هەشت ساڵ بوو. حیزبی دێموکرات لە مێژووی خۆیدا ئینشعاب و جیابوونەوەی دیکەشی بەخۆیەوە بینیبوو، بەڵام دوای کۆنگرەی هەشتەم و جیابوونەوەی ئەو کۆنگرەیە و یەکگرتنەوەی دوای کۆنگرەی دەی حیزب، دەبوایە ئەو ئەزموونانە بکرێتە بناغەی داڕشتنی سیستەمێکی بەهێزی چارەسەری کێشەکان و بەرێوەبەری کێشەکان لە چوارچێوەیەکی ئەقڵانی و بەرپرسانەدا.  

تیرۆری قاسملوو رووداوێک نیە کە بەرابردوو بسپێندرێت. ئەو کارەساتە ئێستاش لە بیرەوەریەکانی سیاسی و هەستیی گەلی کورددا زیندووە. ئەو کارەساتە تەنیا رووداوێک نیە کە پیوەندی بە رابردووە هەبێت، بەڵکوو سێبەری بەسەر پراکتیک و دیسکۆرسی سیاسی ئەمرۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. لە گەڵ ئەمەش ئامانجی قاسملوو بۆ چارەسەری پرسی کورد بە شێوەیەکی سیاسی و ئاشتیخوازانە ئەمرۆ لە هەمووکاتێک زیاتر بووتە رۆژەڤی سیاسی لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەددا دابەش کراوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دکتۆر قاسملوو لە بیست و پێنج ساڵی رابردوودا ئەو رۆڵەی کە دەبوایە لە پیوەندی لە گەڵ گەشەکردنی دێموکراتیزاسیۆنی کۆمەڵگای کوردا لە رۆژهەڵات بگێرێ نەگێراوە و لە ئاکامدا کوردستان لە رووی سیاسی و شوێندانەری سیاسیەوە لە جوغرافیای سیاسی ئێراندا لە پەراوێز خراوە. ئەمرۆ پێویستی گەشەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی، دێموکراتیزاسیۆنی کۆمەڵگای کورد و قبووڵی جیاوازیەکانی ناو کوردستان هەم گرنگە و هەم ئەرکێکی مێژوویی و سیاسیە بۆ ئەوەی بنەمای ئاشتیەکی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دابرێژرێت.

ئێمە لە کاتێکدا یادی بیست و شەشەمین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو دەکەینەوە، کە حیزبی دێموکرات بە دوو بەشەوە بەرەو حەفتاهەمین ساڵڤەگەری دامەزراندنی خۆی نزیک دەبێتەوە. لە کاتێکدا کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەرەو سنووری رۆژهەڵات نزیک بوونەتەوە و لەکاتێکدا کە رۆژهەڵاتی نێوەراست لە هەمووکاتێک زیاتر چەکدارە و کورد بووتە یەکێک لە پارتنێرەکانی خەباتی دژی تیرۆریزمی داعش و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک جەمسەرێکی دیکەی رەوتی تیرۆر قووڵایی ستراتێژیکی خۆی نەتەنیا بۆ عێراق و باشووری کوردستان کە تا سووریا و یەمەن گەشەی پیداوە.

لەو رووەدا ئەمرۆ رێبەرانی حیزبی دێموکرات ئەرکێکی مێژووییان لە ئەستۆیە. یەکگرتنەوەی دێموکرات پێویستیەکی ویژدانی، ئەخڵاقی و مێژووییە.  لێکدابران و جیابوونەوەکان بەرهەمی نەبوونی دێموکراسی و جێگیرنەبوونی دێموکراسیە، ئێستا کە ئەزموونی تاڵی جیابوونەوە تاقی کراوەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە بەجیددی و بەبەرنامەیەکی گشتگر ستراتێژیەکی نوێ لە سەر بنەمای یەکگرتنەوە و قبوولی فرەچەشنی ناوخۆیی و رێزگرتن لە فرەرەنگیە دابرێژرێت ، ستراتێژیەک کە خاوەنی بەرنامەی دیاری کراو بۆ جێبەجێ کردن و  بە ئاکام گەیشتن بێت.

هەشت ساڵ لەمەوبەر هەم هەلومەرجەکان جیاواز بوون و هەم بەرژەوەندیەکان: لە کوردستان داعش نەبوو، کۆماری ئیسلامی ستراتێژی نفووزی خۆی ئەوەندەی ئەمرۆ بۆ دەرەوەی وڵات قووڵ نەکردبووە،  ویستی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی سیاسیەوە بە ئاستی ویستێکی کۆمەڵایەتی و عاتفی قوول نەببووە و یەکگرتووخوازی و هەستی پێکەوە بوون و قبووڵی جیاوازیەکان بە قووڵایی ئەمرۆ نەبوو. پرسی کورد لە رۆژئاوا مژارێکی لەبیرکراو بوو، لە باکوور دیاردەیەک بە ناوی HDP و رەوتی گفتگۆی ئاشتی خوازانە لە گۆڕێ نەبوو. گفتگۆی ئەتۆمی ئێران لە ئارادا نەبوو و ئێران دیپلۆماسیەکی چالاکی وەک ئەمرۆی نەبوو. ئەو کەسانەی کە هەشت ساڵ لەمەوبەر مافی دەنگدانیان نەبوو، ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان پۆستانسیەلێکی گەورەن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە رەشەمەی ئەمساڵەی پەرلەمانی ئێران.

مێژوو بە کرداری بوێری رێبەرانەوە دەنووسرێت. بوێری سیاسی دکتۆر قاسملووی کردە رێبەرێکی کاریزماتیک بە شێوەیەک کە تیرۆر و لەدەست دانی ئەو تەنیا پێوەندی بە رووداوێکی رابردووە نیە، بەڵکوو برینێکە کە رۆژ بەرۆژ قووڵایی لە ناو گەلی کورددا زۆرتر دەردەکەوێت. بیری قاسملوو و رێبازی قاسملوو رۆژ بە رۆژ لە ناو خەلکی کوردستاندا زۆرتر جێ دەبێتەوە و سنوورەکانی حیزبی دیموکراتی تێپەر کردووە.

لە وتووێژێک کە ٢٦ ساڵ لەمەوبەر دکتۆر قاسملوو لە گەڵ بی.بی.سی ئەنجامی داوە، لە پێوەندی لە گەڵ هێزەکانی چەپ دکتۆر قاسملوو دەڵیت: \"بەداخەوە لە داهاتوودا ئێمە شاهیدی جیابوونەوە ئینشعابی زۆر لە ناو هێزە چەپەکان دەبین. بەڵام بەهیواین دوای ئەو جیابوونەوەیە رەوتی یەکگرتنەوە قبووڵی یەکتر لە ناو هێزەکانی چەپدا خێرابکرێت.\"  پەیامی ئەم وتەیەی قاسملوو بۆ ئەمرۆی ئێمە زۆر روونە. دوای جیابوونەوە دەبوایە بە بێ دۆراندنی کات رەوتی یەکگرتنەوە قبووڵی یەکتر و قووڵتر کردنی دێموکراسی و ببێتە رۆژەڤی سیاسی و رێکخراوەیی ئێمە.

وتەی قاسملوو کە باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی رێگایانە، دەبێ لە دروشمەوە بە کردەوە بگۆردرێت. رێگا و رێبازی قاسملوو، رێگای گەشەکردن، پێشکەوتن، ئاڵوگۆری بوێرانەی سیاسی و رێکخراوەیی، رێگای رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤ، رێبازی قبووڵی هەلی بەرامبەر لە بۆ مافی بەرامبەر بۆ ژنان لە ناو رۆژەڤی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، و جێبەجێ کردنی ویستی قاسملوو واتە پێشڤەچوونی هاوکاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیە.

رێبەرانی حیزبی دێموکرات، دەبی لە پێناو بەرژەوەندی خۆشیان بێت و بۆ ئەوەی چی دیکە لەبەرامبەر ویستی گشتی خەڵکی کورد کەم نەهێننەوە و شەرمەزار نەبن، دەشی ئێگۆیزم و کولتووری  کوردە نامووسی فرێ بدەن و بوێرانە رەوتی یەکگرتنەوەی حیزب و داڕشتنەوەیەکی سیاسی نوێ ئەنجام بگەیەنن.

ئامانجێک کە مێژووی بۆ دیاری نەکرابێت، ئامانجێک کە بەرنامەی بۆ دانەڕیژرابێت، دەبێتە خەونێکی بەراستی شاعیرانە. یەکگرتنەوە نابێ ببێ بەخەون بەڵکوو دەبێ بکرێتە حەقیقەت و بەکردەوە جێبەجێ بکرێت. بەوە ئێمە دەتوانین ٢٢ی پووشپەر بکەینە دەسپێکی بەکردەوەی جێبەجێکردنی رەوتی یەکگرتوویی بنەماڵەی دێموکرات و جەژنی مەزنی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات. بەو شێوەیە توانیومانە هەم رۆحی شەهیدانمان شاد کەین و هەم ئاسۆیەکی گەشتر بۆ نەتەوەکەمان و بنەماڵەی شەهیدان وەدی بێنین.  

هەموومان لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان، کەم ئەندامان، زیندانیانی سیاس، بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی کوردستان و ویژدانی مرۆڤانەی خۆمان بەرپرسین. با لەو بەرپرسایەتیە رووسوور دەرکەوین.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە