قاسملوو و ٢٦ساڵ بەر لەئەمڕۆ

بێستون هەورامی

٢٦ساڵ بەر لەئەمڕۆ سەركردەی دیارو كاریزمای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ڕێبەری حیزبی دێموكرات دكتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لەمیانەی دانوستان و گفتوگۆ كردن لەبارەی چارەسەركردنی دۆزی كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ڤیەنی پایتەختی نەمسا تیرۆركرا.

قاسملوو ئەو سەركردە دنیابینیە سیاسیە بوو بەرلەوەی جیهان بەدەروازەی گۆڕانكاریێكی گەورەی وەك ڕوخاندنی سۆڤیەت و دیواری بەرلیندا تێپەڕێ‌ و تارمایی پێكەوە ژیانی دێموكراسیانە ببێتە فەلسەفەی سیاسەت و ستراتیژیەتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەو خوێندنەوەی هەبوو كە لەداهاتوویەكی نزیكدا نەخشەی سیاسی و جۆگرافی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەك لەشێوەكان گۆڕانكاری بەسەردادێ‌ و گەلی كوردیش بەدانوستان گفتوگۆ لەبارەی چارەسەركردنی دۆزەكەیەوە لە وڵاتێكی وەك ئێراندا پێویستی بەپێشەوەچون و تەرییێك لەگەڵ نەخشەی گۆڕانكاریەكان هەبێ‌ و هەرلەسەر ئەم بنەمایەش قاسملوو بڕوای بەو دانوستانە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هێنا، ئەگەرچی ئەمڕۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەرقاڵی پەیڕەوكردنی ئەو جۆرە خوێندنەوانەیە، بەڵام هەندێكجار بەرژەوەندیە وزەییەكان ڕێڕەوی گۆڕانكاریەكان وەپاش و بەئاقارێكی دیكەدا ئەبەن.

بەرپرسانی حكوومەتی تاران لەماوەی دوو بۆ سێ‌ دەیە زۆر ڕێگایان لەگەیشتن بەشكست هێنانی حیزبی دێموكرات تاقیكردەوە، بەڵام هەموو هەوڵەكان بەهۆی چەلەنگی قاسملوو لەمەیدانی شۆڕشگێڕی و دیپلۆماسیدا وای‌كرد بێ ئاكام بن و هەروەها یەكێك لەهەرە خەسڵەتە دیارەكانی ئەم رێبەرە ئەوەبوو هیچكات ئامادە نەبوو بەزیانی گیانی گەل و پێشمەرگە دەس‌كەوتی گەورە بەدەست بێنێ‌، چونكە دەیزانی بەدەر لەوەی تۆمارێكی مێژویی هەیە لەهەمانكاتدا گەلی بەسەرچاوەی ئیدامەدانی شۆڕش و دەسەڵاتی ناو دەوڵەتێكی دێموكراسی داهاتوی گەلی كورد ئەبینێ.

ئەمڕۆ كە ٢٦ساڵ بەسەر تیرۆركردنی ئەم ڕێبەرەدا تێدەپەڕی وڵاتانی ٥+١ لەدواین دانوستاندان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كۆتایی هێنان بەپرسی وەزەی ناوكی و هەروەها پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكرات لەدوای زیاتر لە ٢٤ساڵ لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی كوردستان، بەنەخشە ڕێگایەكی نوێوە ڕویان لەسنورەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە، هەرچەندە بەم ئاماژەیە كۆماری ئیسلامی لەڕێگەی پەكەكەوە هەوڵی پیلانگێڕیێكی لەشاخی كێلەشین‌ دا، بەڵام خۆشبەختانە خوێنی شەهید قادری كەریمی بووە هەوێنی لێكتێگەشتنی پەكەكە لەو خۆ ئامادەكاریەی حیزبی دێموكرات بۆ گۆڕانكاریە چاوەڕوان كراوەكانی ناوخۆی ئێران چ بەڕێككەوتنی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی یاخود پێچەوانەكەی بێ‌.

ئەمڕۆ كە ٢٦ساڵ بەسەر تیرۆركردنی قاسملوودا تێدەپەڕێ‌ لەو باوەڕە دام بەرپرسانی حكوومەتی تاران زیاتر لەهەموو پارت و ڕێكخراوە ئۆپۆزسیۆنەكانیان حیزبی دێموكرات بەمیراتگری بزوتنەوەی نەتەوەی كورد لەوڵاتەكەیاندا دەزانن، هەر ئەم ئاماژەیشە وایكردووە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ستاێكیش لەپیلانگێڕی لەدژی حیزبی دێموكرات و لەهەوڵدان بۆ تیرۆركردنی ڕێبەرانی ئەم حیزبە نەوەستێ‌، چونكە بەرپرسانی ئەم وڵاتە سیاسەتی نەرمە هێزی حیزبی دێموكرات و باوەڕبوونی بەچارەسەركردنی دۆزی گەلی كورد بەشێوەیەكی دێموكراسی و ئاشتیانە بەمەترسی بۆ سەر فەرمانڕەوایی چەقبەستوی زیاتر لە ٣٥ساڵی خۆیانی ئەزانن لەداهاتوودا، هەرچەندە شرۆڤەی جیاواز لەبارەی بەئەنجام گەیشتن و نەگەیشتنی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەكرێ‌، بەڵام لەو باوەڕەدام ناكرێ‌ ناوەرۆكی ئەو ڕێككەوتننامەیە بەتەنها باس كردن بێ‌ لەبەرهەم نەهێنان و پشكنینی وێستگە ئۆتۆمیەكانی ئەو وڵاتەبێ‌ بەبێ‌ پرسی دێموكراسی و مافی پێكهاتەكانی ناوخۆی ئێران، چونكە دێموكراسی لەئەمڕۆدا بووەتە سەرمەرجی هەموو ڕێككەوتن و دانوستانێكی وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمەریكا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەگەری دیكە شكست هێنانی وڵاتانی ناوبراو بێ‌ لەگەڵ كۆماری ئیسلامدا ئەوا ئەوكات بەكارهێنانی گوشاری ئابوری زیاترو هێز ئەبێتە جێگرەوەی دانوستان و بەم پێیەش خوێندنەوەو خۆئامادەكردنی حیزبی دێموكرات لەدوای تێپەڕبونی ٢٦ساڵ بەسەر تیرۆر كردنی قاسملوودا بۆ هەردوو ئەگەری ئاماژە بۆكراو ئەو دونیابینیەی ڕێبەری ناوبراومان بۆ جەخت ئەكاتەوە كەپێكەوەژیانی سیاسی و دێموكراسیانە بنەمای فەلسەفەی ستراتیژیەتی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە