سووکایه‌تی کردنی پان تورکیسته‌کانی ورمێ به‌ کورد و ناسنامه‌ی کوردی و چه‌ند وته‌یه‌ک

لوقمان زه‌هرایی

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕێكه‌وتی ٢١.١٠.٢٠١٥ له‌ کاتی یاریکردنی دوو تیمی والیباڵی \'\' شاره‌وانی ورمێ و بانکی سه‌رمایه‌ی تاران \" له‌ یاریگای \'\' الغدیر\'\' ی شاری ورمێ کۆمه‌لێک تورکی نژادپه‌ره‌ست سووکایه‌تیان به‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ فه‌رهاد پیرۆت پور، که‌ خۆی یه‌کێک له‌ یاریزانه‌ به‌ناوبا‌نگه‌کانی تیمی میللی و تیمی شاره‌وانی ورمێیه‌ کرد. ناوبراو خه‌لکی مه‌هاباده‌.

نژادپه‌ره‌سته‌ تورکه‌کان به‌ ده‌نگی به‌رز جنێویان به‌ بنه‌ماڵه‌ی فه‌رهاد پیرۆت پور ده‌دا که‌ جل وبه‌رگی کوردیان له‌به‌ردابوو. نژادپه‌ره‌سته‌کان له‌و گرته‌ ویدیۆیه‌ی که‌ بڵاوبۆته‌وه‌ به‌و بنه‌ماڵه‌‌ کورده‌ ده‌ڵێن \'\' بێ شه‌ره‌ف، قرومساغ\'\' و ده‌یانهه‌وێ په‌لاماری ئه‌و بنه‌ماله‌ کورده‌ بده‌ن. هه‌ر ماویه‌ک پێش ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌ کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمێک بۆ ڕێزلێنان له‌ به‌ساڵداچوان که‌ کورد بوون، کۆمه‌لێک نژادپه‌ره‌ستی تورک به‌ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌یان ‌تێکدا و ڕێگربوون له‌ به‌ڕێوه‌چوونی.

کاربه‌ده‌ستانی دام وده‌زگا حکومه‌تیه‌کانیش هیچ هه‌ڵوێستێکیان له‌ خۆیان نیشان نه‌دا و به‌ ئاشکرا ده‌ریان خست که‌ پشتگیری له‌ ئاژاوه‌گێڕ و گێره‌شێوێنه‌ تورکه‌ نژادپه‌ره‌سته‌کان ده‌که‌ن.

شایانی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک پێش ئه‌و ڕووداوانه‌، دیسانه‌وه‌ له‌ شاری ورمێ کۆمه‌ڵێک نژادپه‌ره‌ستی تورک له‌ سه‌ر باندرۆلێک به‌ خه‌تێکی گه‌وره‌ نووسیبویان وهه‌ڕه‌شه‌یان له‌ کورده‌کانی شاری ورمێ کردبووکه‌\'\' ده‌بێ بڕۆن و ئه‌و شاره‌ چۆل بکه‌ن ده‌نا خراپیان به‌ سه‌ر دێنن\'\'. به‌ پێی هێندێک سه‌رچاوه،‌ ڕێکخراوێکی پان تورکیستی به‌ ناوی \'\' بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجانی جنوبی\'\' به‌ ڕێبه‌ری \"محمد علی چهرگانی\" که‌ گۆیا تورکێکی زۆر نژادپه‌ره‌ست و دژه‌ کورده‌ له‌ پشتی ئه‌و جۆره‌ ڕووداو و حه‌ره‌که‌ته‌ نژادپه‌ره‌ستانه‌وه‌یه‌.

به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر مێژوو‌، هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی و حه‌شیمه‌تی پارێزگای ورمێ که‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی به‌مه‌به‌ستی سیاسی و مه‌زهه‌بی و له‌ ڕاستیدا به‌ ناحه‌ق ناوی \'\' آزرباینجان غربی \'\' به‌ سه‌ردا بڕاوه، به‌رده‌وام‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی زه‌ق و به‌رچاو له‌ نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان له‌ ئارادا بووه‌. به‌ هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و ئابوری شاری ورمێ و به‌شێکی دیکه‌ له‌ شاره‌کانی سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ له‌ ده‌ستی ئازه‌رییه‌کان دا، که‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بیشن، کورده‌کان که‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی شار و شارۆچکه‌کانی پارێزگای ورمێ پێک ده‌هێنن و سوننه‌ مه‌زهه‌بیشن به‌ ئانقه‌ست و مه‌به‌ست دار په‌راوێز خراون و له‌ به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردانی کاروباری ئیداری شاری ورمێ وه‌کوو ناوه‌ندی پارێزگا و شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ بێبه‌ش کراون.

به‌ درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ی ڕابردوو و ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێ، کورده‌کان هه‌وڵیان داوه‌ که‌ له‌‌ ڕێگای دۆستانه‌ و ئاشتیخوازانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ تورکه‌کان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن و کارێک نه‌که‌ن که‌ گرژی وئاڵۆزی لێ بكه‌وێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌م حکومه‌ته‌کانی حاکم له‌ تاران و هه‌میش ده‌سه‌ڵاتداره‌ تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ و پان تورکیسته‌کانیش به‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵی له‌ په‌راوێز خستنی کورده‌کانیان داوه‌ و مافی یه‌کسان بۆ کورده‌کانیان وه‌کوو هاووڵاتی قایل نه‌بوون و‌ به‌ ئاشکرا که‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌ی ناسیۆنالیزمی ئێرانی له‌ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کورد وکوردستان.

له‌ دوای ئاخرین ڕووداوی قێزه‌ونی شاری ورمێ و سووکایه‌تی کردنی پان تورکیسته‌کان به‌ کورد وجل وبه‌رگ وناسنامه‌ی کوردی، کۆمه‌ڵێک کورد وتورک له‌ نامه‌یه‌‌کی هاوبه‌شدا ئه‌و کرده‌وه‌یان مه‌حکوم کردووه‌ و هیوایان خواستووه‌ که‌ ئاشتی وته‌بایی و پێکه‌وه‌ ژیانی کورد وتورک له‌و پارێزگایه‌ وه‌کوو ڕابردوو به‌رده‌وام بێ و کێشه‌ی تێنه‌که‌وێ. به‌ڵام ئایا ته‌نیا بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی سۆزدارانه‌ و به‌ بێ ئاماژه‌ کردن به‌ هه‌بوونی کێشه‌یه‌کی چه‌ند سه‌دساڵه‌ وخۆبواردن له‌ درکاندنی ڕاستییه‌کان ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌و کرده‌وه‌ نژادپه‌ره‌ستانه‌یه‌ چه‌ندپات نه‌بنه‌وه‌؟ ئایا بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌گه‌لی سۆزدارانه‌ی له‌و چه‌شنه، که‌‌ له‌ جێی خۆیدا شتێکی پۆزه‌تیڤه‌‌، ده‌توانێ مافی یه‌کسان بۆ گه‌لی کورد دابین بکا؟

پرسیارێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌، بۆچی کورده‌کانی پارێزگای ورمێ تاکوو ئێستاشی له‌ گه‌ڵ بێ جگه‌ له‌ پرته‌ وبۆله‌ وگله‌یی وگازه‌نده‌ وخۆخواردنه‌وه‌ به‌ده‌ر نه‌یانتوانیوه‌ باس له‌ ڕاستی مه‌سه‌له‌که‌ بکه‌ن و بۆچی به‌ بیانوی \'\' برایه‌تی کورد و تورک\'\' هه‌مووکات کێشه‌که‌یان په‌رده‌پۆش کردووه‌ و نه‌یانویستوه‌ یان نه‌یانوێراوه‌ به‌ ئاشکرا باسی ئه‌و زوڵم و زۆری و هه‌ڵاواردن وسوكایه‌تی پێكردنه‌ و بێبه‌ش کردنی خۆیان بکه‌ن که‌ له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌سته‌ تورکه‌کانی شاری ورمێ و شاره‌کانی دیکه‌ی سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ ده‌رحه‌ق به‌ کورده‌کان کراوه‌ و ده‌کرێ؟

گه‌لۆ برایه‌تی و ئاشتی و ته‌بایی ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێو کورده‌کان و تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ به‌تایبه‌ت شاری ورمێ وه‌کوو ناوه‌ندی پارێزگا و شاره‌کانی دیکه‌ی سه‌ر به‌و پاریزگایه‌ له‌وانه‌ سه‌ڵماس، خۆی، ماکۆ، نه‌غه‌ده‌، میاندواو، تیکاب و ساین قه‌ڵا که‌ پێکهاته‌ی کورد و تورکیان هه‌یه بوونی هه‌یه‌ و‌ ده‌کرێ بڵێین هه‌موویان له‌ ئه‌رک وماف و به‌ڕێوه‌بردندا به‌شدار و یه‌کسانن؟ ئایا به‌ بوونی هه‌موو پۆسته‌ گرینگه‌کان له‌ ده‌ستی تورکه‌کان له‌و شارانه‌دا و په‌راوێزخران و بێبه‌ش کردنی کورده‌کان به‌ هۆی کورد بوونیانه‌وه‌ ده‌کرێ باس له مافی یه‌کسان و‌ برایه‌تی وئاشتی وته‌بایی بکرێ؟ ئایا ئه‌وه‌ خۆفریودان وخۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی کورده‌کان نیه‌ و خۆدزینه‌وه‌یان‌ له‌ ڕاستی مه‌سه‌له‌که‌ نیه؟‌ تۆ بڵێی کورده‌کان ئه‌وه‌یان وه‌کوو چاره‌نووسی خۆیان قبوڵ کردبێت؟

به‌ باوه‌ڕی من خۆبواردن و په‌رده‌پۆش کردن و باس نه‌کردنی ئه‌سڵی کێشه‌که به‌ ئاشکراو به‌ بیانوی \'\' تێکچوونی برایه‌تی کورد و تورک\'\' پرسه‌‌که‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌کا و کوردیش پتر ده‌خرێته‌ په‌راوێزه‌. به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی هیچ پڕۆژه‌یه‌کی چاره‌سه‌ری له‌لایه‌ن چالاکانی سیاسی ومه‌ده‌نی و بژارده‌کانی کورد له‌ نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ک‎و بێ خه‌می وخه‌م ساردی وخۆبه‌خاوه‌ن نه‌کردنی ئه‌و کێشه‌ سیاسییه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌کانی کورد و تورک له‌و پارێزگایه‌ به‌هۆی کێشه‌ی خاک و ناسنامه‌ و خۆبه‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و داهاتوویه‌کی لێڵ و ناڕوون و مه‌ترسیدار ده‌ڕوا و زۆر سه‌یر نیه‌ که‌ له‌ داهاتوودا شاره‌ ته‌واو کوردییه‌کانی سه‌ر به‌ پارێزگای ورمێ و ته‌نانه‌ت پێته‌خته‌كه‌ی کۆماری کوردستانیش بکرێنه‌ ئامانجی تورکیزه‌کردن؟
بێگومان په‌یوه‌ندی و دیالۆگ و دانیشتن و گرتنی سمیناری هاوبه‌شی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی کورده‌کانی نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ له‌ سه‌ر ئاستی جۆراوجۆر گه‌لێک گرینگه‌ و ئه‌و کێشه‌ سیاسییه‌ ده‌بێ له‌ ڕێگای ئاشتیخوازانه‌ ڕێگا چاره‌ی گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ که‌ هه‌ردووک لایه‌نی کورد و تورک ڕازی بکا وهیچ لایه‌ک هه‌ست به‌ غه‌درلێکراوی و به‌ دۆڕاوی نه‌که‌ن.

په‌نابردن بۆ توندوتیژی و ده‌مارگرژی و نژادپه‌ره‌ستی‌ ده‌توانێ ببێته‌ هۆکاری هه‌ڵایسانی شه‌ڕێكی ماڵوێرانکه‌ر که‌ به‌ سه‌دقا‌ت له‌ شه‌ڕه‌که‌ی نه‌غه‌ده‌ که‌ له‌ نێوان کورد وتورکدا ڕوویدا و کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو خه‌ڵکی بێ‎تاوان تێیدا کوژران ماڵوێرانکه‌رتر ببێ. بۆیه‌ ڕێگای دیالۆگی مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ ته‌نیا ڕێگای چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ که‌ کورده‌کان و تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ ده‌بێ بیگرنه‌ به‌ر و هه‌ردووک لا مه‌حکومن به‌ سازان پێكه‌وه‌ ژیان. به‌ڵام به‌ ماف و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کسان و به‌ دوور له‌ هه‌ڵاواردن و سوكایه‌تی کردن به‌ یه‌کتر. به‌ پله‌ی یه‌که‌میش دانپێدانانی کورد وتورک به‌ بوونی ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییه‌ وهه‌وڵدانی هه‌ر دوولا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی گونجاو.

چه‌ند خاڵی بنه‌ڕه‌تی هه‌ن که‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کی پارێزگای ورمێ له‌ خۆ ده‌گرن و به‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و خاڵانه‌ ئاو به‌ ئاوردا ده‌کرێ و مه‌ترسی هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نێوان کورد و تورک دوور ده‌خه‌نه‌وه‌.

ناوی پارێزگاکه واته‌‌‌ \'\'‌ آزربایجانغربی \'\' یه‌ که‌ به‌ بێ له‌به‌ر چاوگرتنی ڕێژه‌ی زۆری کورده‌کان و به‌ بێ له‌ به‌رچاوگرتنی هۆکاره‌ سیاسی و مێژووییه‌کان و به‌ بێ له‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ کورده‌کان له‌سه‌ر ئه‌و خاکه‌ ژیاون و زۆر دواتر تورکه‌کان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران کۆچێندراون یان هاندراون که‌ به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ کۆچ بکه‌ن. بۆیه‌ ناولێنانی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ ناوی \'\' آزربایجانغربی \'\' به‌ ئاشکرا حاشاكردن له‌ شوناس و مێژووی کورده‌کانه‌. ئه‌و حاشالێکردنه‌ ته‌نانه‌ت پێکهاته‌کانی دیکه‌ی دینی و ئێتنیکی وه‌کوو ئاسۆری وئه‌رمه‌نیه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش خۆی یه‌که‌م هۆکاری دروست بوونی ئه‌و غه‌دره‌یه‌ که‌ کورده‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌تایبه‌ت هی شاره‌کانی ورمێ، سه‌ڵماس، ماکۆ، خۆی، میاندواو، نه‌غه‌ده‌، تیکاب وساینقه‌ڵا به‌ گۆشت و ئێسقان هه‌ستی پێ ده‌که‌ن.

هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته،‌ دان پێدانانی به‌ فه‌رمی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ر ئاستی ئێران و پارێزگاکه‌یه‌ ‌به‌ پێکهاته‌ی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ند زمانی و چه‌ند ئایینی ئه‌و شارانه‌ و ئه‌وه‌ش‌ ده‌بێته‌ کلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌ ئاڵۆزه‌.

دووهه‌م. سه‌رژمێری کردنێکی ڕاسته‌قینه‌ و به‌ دوور له‌ چه‌واشه‌کاری و ساخته‌گه‌ری له‌ نێو هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکردن بۆ دیاری کردنی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد وتورک و ئه‌رمه‌نی و ئاسۆری و هتد.
سێهه‌م. هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی له‌ نێو ئه‌و شارانه‌دا بکرێ و هه‌موو پێکهاته‌کانی ئه‌و شارانه‌ به‌ مافی یه‌كسان وهاوبه‌ش به‌ مافی ده‌نگدان وخۆپاڵاوتن به‌شداری بکه‌ن و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و شاره‌وانیه‌کان به‌ به‌شداری هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه پێک‌ بێ و هه‌موویان هه‌ست به‌ بوون، ماف و ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تی یه‌کسان بکه‌ن.

چواره‌م. گۆڕینی ناوی پارێزگا له‌ سه‌ر ڕێکكه‌وتنی هه‌موو پێکهاته‌کان بۆ ئه‌وه‌یكه‌ هه‌موو لایه‌ک خۆیان به‌ خاوه‌نی پارێزگا و ئه‌رک و به‌ڕێوه‌بردنی بزانن و ناوی پارێزگاکه‌ سه‌ر به‌ لایه‌نێکی تایبه‌ت نه‌بێ وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌.
پێنجه‌م. به‌ فه‌رمی ناسینی فه‌رهه‌نگ و زمان و مێژوو وموسیقا وجل وبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی پێکهاته‌کانی پارێزگا و هه‌وڵدان بۆ گه‌شه‌پێدان و پاراستنیان.

رێگا چاره‌سه‌ری دووهه‌م و هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دا

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ باس له‌ دروست کردنی پارێزگایه‌ک به‌ ناوی \'\' موکریان \'\' به‌ ناوه‌ندێتی مه‌هاباد ده‌کرێ، به‌ڵام تاکوو ئێستا ئه‌و داوایه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانه‌وه‌ پشت گوێ خراوه‌ و جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.
شاره‌کانی سه‌رده‌شت، ڕه‌به‌ت، بانه‌، مه‌هاباد، بۆکان، پیرانشار و شنۆ به‌ ته‌واوی کوردن و تورک زمانیان تێدا نیه‌، بۆیه جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و شارانه‌ له‌ پارێزگای ورمێ و دروست کردنی پارێزگای موکریان به‌ ناوه‌ندێتی مه‌هاباد چاره‌سه‌ری به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و کێشه‌ و گرفته‌ پڕ ئاڵۆزه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام‌ به‌رۆکی خه‌ڵکی ئه‌و شارانه‌شی گرتووه‌ و ئه‌و شارانه‌ش به‌ ناحه‌ق به‌ \'\' آزربایجان غربی\'\' پێناسه‌ ده‌کرێن.

دروست بوونی پارێزگایه‌کی نوێ به‌ ناوی پارێزگای \'\'موکریان\'\' به‌ ناوندێتی مه‌هاباد گه‌لێک گرینگه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و شارو شارۆچکه‌ و گوندانه‌دایه‌ که‌ به‌ هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ به‌ موکریان ناسراوه‌.

هه‌ربۆیه‌ پشتگیری خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ دروست بوونی پارێزگای \'\' موکریان \'\' و جیابونه‌وه‌یان و سه‌ر‌به‌خۆبوونیان له‌ پارێزگای ورمێ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ وگرفتی گرینگ که‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م به‌رگری کردن له‌ پێشێل کردنی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کانی دانیشتوانی موکریانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کا و مافی هاووڵاتی بوون به‌ تاکه‌کانی ئه‌و شارو ناوچانه‌ ده‌به‌خشێ. پشتگیری خهڵکی موکریان به ‌گشتی وهه‌وڵ و تێکۆشانی نوێنه‌رانی شارو شارۆچکه‌ و گونده‌کان و نوێنه‌رانیان له‌ مه‌جلیسی شورای ئیسلامی و یه‌کده‌نگیان بۆ دروست کردنی پارێزگای \'\'موکریان\'\' زامنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ ده‌بێ.

دروست بوونی پارێزگای \'\' موکریان\'\' گرژی و ئاڵۆزی له‌ نێوان کورد و ئازه‌رییه‌کان تا ئاستێکی زۆر که‌م ده‌کاته‌وه‌ و مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردن وه‌کوو مافێکی مه‌ده‌نی بۆ دانیشتووانی پارێزگای \'\' موکریان\'\' ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. قازانجی دروست بوونی پارێزگای \'\' موکریان\'\' له‌ چه‌ندین بواره‌ ده‌کرێ لێک بدرێته‌وه‌ و کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندی بۆ دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه‌ نوێیه‌ ده‌بێ.

به‌ کورتی ئاماژه کردن‌ به‌ چه‌ند خاڵی گرینگ له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا پێویسته‌‌.
یه‌که‌م: بواری ئابوری. له‌ باری ئابورییه‌وه‌، ده‌وڵه‌ت ناچار ده‌بێ که‌ بودجه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌پێی حه‌شیمه‌ت و پێداویستییه‌کانی دابین بکا و هه‌وڵ بدا که‌ به‌ پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر کار بۆ دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایه‌ دابین بکات. خه‌ڵکی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ جیاتی کۆچکردن و چوون بۆ پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران و گه‌ڕان به‌ دوای کاردا، له‌ شارو شارۆچکه‌کانی خۆیان که‌ سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ ده‌بن ده‌مێننه‌وه‌ و هێزی کاری پارێزگاش به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ دانیشتوانی خودی پارێزگاکه‌ دروست ده‌بێ و خه‌ڵکی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌توانن له‌ پڕۆژه‌ جیاجیاکاندا کار بکه‌ن و ڕێژه‌ی بێکاری تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و پارێزگایه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ.

دووهه‌م: داهاتی به‌روبومی ئه‌و پارێزگایه‌ بۆ کاروباری خزمه‌تگوزاری خودی پارێزگاکه‌ دابین ده‌کرێ و ئیدی پێویست ناکا بۆ وێنه‌ بۆ نه‌شته‌رگه‌ریێک خه‌ڵک له‌ سه‌رده‌شت و بانه‌ و بۆکان ومه‌هاباده‌وه‌ بچن بۆ ورمێ یان بۆ ته‌ورێز و تاران. ئه‌و بودجه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه‌ بۆ پارێزگا دیاری ده‌کرێ و ئه‌و داهاته‌ی که‌ خودی پارێزگاکه‌ هه‌یه‌تی ده‌کرێ سه‌رفی دروست کردنی نه‌خۆشخانه‌ی جۆراجۆر‌ و قوتابخانه‌ و داینگه‌ و باخچه‌ی منداڵان، ڕێگاوبان و پارک و زۆر خزمه‌تگوزاری دیکه‌ بکرێ که‌ دانیشتووانی پارێزگاکه‌ پێویستیان پێیه‌تی.

سێهه‌م: هه‌ستی متمانه‌ به‌خۆبوون و که‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێزه‌ به‌ تواناکانی ناوچه‌که‌ که‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی غه‌یره‌ کوردێک ببێته‌ شاره‌دار و پارێزگار، کوردێک ئه‌و ئه‌رکه‌ وه‌ئه‌ستۆگرێ و متمانه‌ی خه‌ڵکی شاروگونده‌کانیش زۆر زیاتر ده‌بێ به‌ به‌رپرسانی خۆماڵی و دڵسۆز.

چواره‌م: بواری فه‌رهه‌نگی و گه‌شه‌ی زمانی کوردی له‌و پارێزگایه‌ دا گه‌لێک گرینگه‌ و به‌ دروست کردنی کتێبخانه‌ و ناوه‌نده‌ کولتوری وهونه‌رییه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤار و نوسراوه‌ به‌ کوردی و یارمه‌تیدانی خاوه‌ن به‌هره‌کان له‌ بواره‌کانی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی و ڕۆژنامه‌وانی و زمانه‌وانی یارمه‌تی ده‌ری ئه‌وه‌ ده‌بێ که‌ فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی له‌ ژێر مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی بێگانه‌ ڕزگاری بێ.

دروست بوونی پارێزگای \'\' موکریان \'\' و جیابونه‌وه‌ی له‌ پارێزگای ورمێ گرژی و ئاڵۆزی ده‌یان ساڵه‌ی نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چاره‌سه‌ر ده‌کا. پارێزگای ورمێش به‌ ناوه‌ندێتی شاری ورمێ که‌ خودی شاره‌که‌ وچه‌ندین شار و شارۆچکه‌ و ده‌یان گوندی ده‌وروبه‌ر که‌ تێکه‌ڵاوی کورد و ئازه‌رین ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌توانن به‌ ئاشتی و به‌ مافی به‌رابه‌ر و یه‌کسان و به ڕێزگرتن له‌ یه‌کتر کاروباری ئه‌و پارێزگایه‌ هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رن. بوونی دیالۆگی به‌رده‌وام له‌ نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا له‌‌ گرژی و ئاڵۆزی بگرێ گه‌لێک گرینگه‌ و له‌ جیاتی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌کی و دوژمنایه‌تی یه‌کتر کردن، ده‌کرێ ئه‌و کێشانه‌ به‌ دیالۆگی دۆستانه‌ و له‌ یه‌کتر تێگه‌یشتن و ڕێز بۆ مافی یه‌کتردانان جێ به‌جێ بکرێ.
ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی وئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.