٧٠ ساڵان دێموكرات-هاوار بازیان

هاوار بازیان

گونجاندنی مێژوو و كاری حیزبێكی بەتەمەنی وەك \"دێموكرات\"ی نەیاری دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە یەك وتاردا ئەستەمە، بەڵام دەكرێ لە ٧ وێستگەدا و بەپێی زەمەنبەندی باسی لایەنی بەهێز و لاوازی ئەو رێكخراوە كوردییە بكەین:

١. یەكەم و گەورەترین سەروەریی \"حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران\" هەمان كۆماری كوردستانە كە تەنیا چەند مانگ پاش راگەیاندنی ئەو حیزبە (١٩٤٥.٨.١٦) توانی سەرۆكایەتیی دامەزراندنی یەكەم دەوڵەتی كوردی لە مهاباد بكا (١٩٤٦.١.٢٢). ئەو رووداوە ١١ مانگییە تا ئێستەش نەك هەر وەك گەورەترین سەرمایەی سیاسی و مەعنەویی حیزبی دێموكرات دادەنرێ، بگرە هێز و لایەنەكانی تری كوردی لە ئێران و پارچەكانی تریش بە ئیلهام بەخشی خۆیانی لە قەڵەم دەدەن. كۆماری كوردستان تاكە رووداوی مێژووییی كوردە كە تا ئێستە زیاترین كورد لەسەر یەكدەنگ و كۆكن، بەشێوەیەك كە لە مێژووی سیاسیی كورددا بە گەورەتر لە دەستكەوتی تاكە حیزبێك یان تەنیا پارچەیەكی كوردستان دادەنرێ.

٢. نەمانی كۆماری كوردستان (١٩٤٦.١٢.١٥) ئەركی حیزبی دێموكراتی قورستر كرد لەوەی بتوانێ ماڵێكی شێواوی رێكخستنی و جەماوەری بەسەر بكاتەوە و هاوكات هێزی خۆپاراستنیشی هەبی، ئەویش لە دۆخێكدا كە دەسەڵاتی ئەوكاتی ئێران چاوی لەسەر كوردستان تیژكردبوو و بەتوندترین شێوە بەرەنگاریی هەموو جووڵەیەكی دژبەرانی خۆی دەكرد. جگە لەوەی كورد و دێموكرات بەگشتی لە ئێران تووشی شكستێكی رۆحی هاتبوون و پێویستییان بەدەرفەتێك بوو تا خۆیان لەگەڵ \"دێموكراتی بێ كۆمار\"دا بگونجێنن، بەڵام دەسەڵاتی شاهەنشاهی هەرجۆرە دەنگێكی كوردانەی وەك پاشماوەی حكوومەتی كوردستان دەزانی و بڕیاری نەهێشتنی دابوو. بەوشێوەیە حیزبی دێموكرات تووشی یەكێك لە بێدەنگترین ساڵانی ژیانی سیاسیی خۆی هات كە نێزیكەی ٢٠ ساڵی خایاند.

٣. لە ناوەڕاستەكانی ١٩٦٠، بووژانەوەی نوێی سیاسی و چەكداری كەوتەوە گیانی حیزبی دێموكرات، بەشێوەیەك كە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی ئێراندا جموجۆڵ و راسانی خەڵك دەبینرا هەرچەندە كەمتر لایەنی رێكخستنی و رێكخراوەیی پێوەدیار بوو. لەو قۆناخەی دێموكراتدا دەتوانین ئاماژە بە هەندێك سەركردەی ناوەخۆیی بكەین كە دژی دەسەڵاتی شاهەنشاهی و بەناوی \"حیزبی دێموكرات\" چالاكیی سیاسی و چەكداراییان ئەنجام‌دا و تەنانەت گیانیشیان بەخت كرد، بەڵام تا ئێستەش وەك بەشێكی زێڕین لە مێژووی دێموكرات دادەنرێ. دیارترینی ئەوانە \"مەلا ئاوارە ١٩٦٨ و مراد شیرێژ ١٩٦٧ بوون كە بەهێمای بوژاندنەوەی شۆڕش لە كوردستانی ئێران پاش كۆماری كوردستان دادەنرێن. ئەوانە دواتر لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانییەوە گوللەباران كران و مراد شیرێژیش بە پیلانێكی ئێرانی كوردی رادەستی بەرپرسانی ئێرانی كرایەوە و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە كوژرا و تەرمەكەی نیمایش كرا. ئەو قۆناخە لە حیزبی دێموكرات هەرچەندە كورت بوو، بەڵام هێزێكی باشی لە نوێبوونەوە و هاتنەوە ناوخەڵكی پاش ٢٠ ساڵان بەو حیزبە بەخشی.

٤. ساڵانی پاش بزووتنەوە چەكدارییەكەی ١٩٦٠ دیسان تەوژمێك لە بێدەنگی و كپكردنی سیاسی بەسەر دێموكراتدا سەپا، هەرچەندە بەنهێنی كۆمەڵێك چالاكیی سیاسی، بڵاوكردنەوەی نووسین، كۆبوونەوە، پەیوەندیگرتنی خەڵك و دەنگی شۆڕشگێڕی هەبوو و تەنانەت لە ساڵی ١٩٧١ یەكەم رێكخستنی حیزبی دێموكرات سەرلەنوێ داڕشتنی بۆ كرا و كۆنفرانس و رێبەرایەتی ساخ كرانەوە و بۆ یەكەمجار \"قاسملوو\" و ناوەكەی هاتە ناو حیزبی دێموكرات، بەڵام لە راستیدا ئەو حیزبە فشارێكی زۆری لەسەر بوو و بە دەیان و سەدان ئەندام و لایەنگری دێموكرات دەستگیر و زیندانی كران كە بەشێكی هەرەزۆریان لە ئەندامە چالاك و بەوەجەكانی دێموكرات بوون. لەو قۆناخە ١٥ ساڵییەدا و تا گەیشتن بە سەرهەڵدانی شۆڕشی لە ئێران، حیزبی دێموكرات لە بواری فكری و هزری و كاری رێكخراوەییدا توانی خۆی رێكبخاتەوە و بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆن و نوێی خۆی بەسەر بكاتەوە. بەتایبەت كە دەنگۆی سەرهەڵدانی شۆڕش دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران رۆژبەرۆژ زیاتر دەبوو و ئەندام و دۆستانی دەرەوەی وڵات پەیوەندییان بە دێموكرات كردەوە و بە گەڕانەوەیان بۆ كوردستان ئەزموونێكی باشیان پێشكێشی حیزب كرد.

٥. سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران (١٩٧٩.٢.١١) دەرفەتێكی كراوە و ئازادانەی بە هەموو گەلانی ئێرانی بەخشی تا ویست و خواستەكانیان رووبكەن. حیزبی دێموكرات یەكەم حیزبی كوردی بوو كە تەنیا چەند رۆژێك پاش رووخانی شا لە مهاباد بەڕەسمی لە میتینگێكی دەیان هەزار كەسیدا دەستبەكاربوونەوەی خۆی راگەیاند. ئەو رۆژە بۆ دێموكرات وەك رۆژی راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە هەمان شار پاش ٣٣ ساڵ دادەنرا و گرینگی هەبوو! بەو جیاوازییەی كە ئەمجارەیان دێموكرات خۆی وەك حیزبێكی كوردی ئێرانی \"حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران\" ناساندبوو لە كاتێكدا پێشتر دەستی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی \"كۆماری كوردستان\" بردبوو. بچووكبوونەوەی خواستەكانی دێموكرات بەهیچ شێوەیەك لە جەماوەرەكەی كەم نەكردەوە بەشێوەیەك كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی باڵا لە ماوەیەكی كەمدا ئەو حیزبە توانی زیاتر لە ٥٠ هەزار پێشمەرگە پۆشتە و ئامادە بكا. لەو قۆناخەدا بوو كە سیستەمێكی سیاسی و ئیداری ئەگەریش بۆ ماوەیەكی كورت بووبێ توانی باڵی بەسەر كوردستانی ئێراندا بكێشێ. هەرچەندە لەو ماوەیەدا دێموكرات بەهێزترین ساڵانی خۆی بەڕێكرد، بەڵام بێ كێشە و رەخنە هەر نەبوو، بەتایبەت كە تۆمەتی \"هەڵایسانی شەڕی ناوەخۆیی\" كۆمەڵە، دێموكرات، قیادە موەقەت خرایە پاڵ حیزبی دێموكرات. جیاواز لەوانە، پەیامی ئەو سەردەمە بۆ دێموكرات و كوردی ئێران بەگشتی ئەوە بوو كە دەسەڵاتی نوێ لە تاران نەك هیچی بۆ كورد پێ نییە، بگرە بەرنامەی لەناوبردنی عەقلی سیاسی و سەركردەكانی كوردی ئێرانیش بەڕێوە دەبات.

٦. ئەو دۆخەی پاش سەركەوتنی شۆڕش لە ئێران دەرگای خەباتی چەكداری بەڕووی كوردی ئەو بەشەدا كردەوە كە دێموكرات (هاوشانی كۆمەڵە و لایەنەكانی تر)ی تووشی شەڕێكی نابەرابەر بەرامبەر دەسەڵاتی نوێ لە ئێران كرد كە هەمان كۆماری ئیسلامی بوو و تەنیا چەند مانگ پاش سەركەوتنی شۆڕش، خومەینی وەك \"رێبەری شۆڕش\" فەرمانی جیهادی لە دژی كورد دەركرد! ئەو قۆناخە بۆ دێموكرات نێزیكە ١٥ ساڵی خایاند (١٩٨٠-١٩٩٥ كە تێیدا ئەو حیزبە بەناچار و بەچەند قۆناخ وازی لە شارەكان هێنا و رووی لە شاخ كرد و بەرەنگارییەكی شۆڕشگێڕانەی دەست پێكرد).

٧. سەرەتاكانی ١٩٩٧، حیزبی دێموكرات بەڕەسمی رووی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كرد و بەئاشكرا وازی لە خەباتی چەكداری هێنا كە دواتر وەك \"سۆزێك بۆ سەقامگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی كورد لە باشوور\" هاتەدانان. حیزبی دێموكرات لەو بەشەی مێژووی خۆیدا هەرچەندە قوربانییەكی زۆری‌دا بەتایبەت لەڕووی \"تیرۆركرانی\" ئەندام و كادیرانی خۆی لەو بەشەی كوردستان، بەڵام سەركەوتوو بوو لەوەی پابەندیی خۆی بە \"رەچاوكردنی دۆخی هەرێم و راگرتنی باڵانسی سیاسی نێوان سێكوچكەی خۆی و ئێران و كوردانی باشوور\" بپارێزێ كە تا ئەمڕۆش كار بەو ستراتیژییەی دەكا. راستی یان هەڵەبوونی بڕیاری وازهێنانی دێموكرات لە شاخ و خەباتی چەكداری و هاتنی بۆ ناو كەمپەكان باسێكی ترە كە رەنگە لێرەدا دەرفەتی كردنەوەی نەبی.

هەڵسەنگاندی دێموكراتی ٧٠ ساڵە لە ٧ خاڵدا بەپوختی:

١. حیزبی دێموكرات توانی شیرازەی سیاسیی كوردی رۆژهەڵاتی لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە و لانیكەم تا ئێستە پلەی خۆی وەك حیزبێكی میللی لەدەست نەداوە و باش سەركەوتووە لەوەی رێگە نەدا كورد لە رۆژهەڵات تووشی سەرگەردانیی سیاسی بی. دێموكرات بەهەموو كەموكوڕییەكانییەوە، تا ئێستەش روخساری خۆی وەك هێمای سیاسیی كوردی رۆژهەڵاتی پاراستووە، بەواتەیەكی تر دێموكراتبوون وەك نەریتێكی سیاسیی بۆ كورد لە ئێرانی لێهاتووە.

٢. دیپلۆماسیەتی حیزبی دێموكرات حاشای لێناكرێ، بوارێك لە خەباتی سیاسی كە ئەو حیزبە لە ئاستی رێبەریدا قوربانیى وەك قاسملوو و شەڕەفكەندی پێشكێش كردووه تا بیسەلمێنی \"هێزێكە بەسەر لوولەی تفەنگەوەش بڕوای بە گفتوگۆ هەیە\". تێكەڵبوونی حیزبی دێموكرات بە كۆڕ و ناوەندە ناودەوڵەتییەكان و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ كەسایەتییە دیارەكانی ئێرانى و جيهانى و وەرگرتنی دێموكرات وەك هێزێكی خاوەن دیپلۆماسی، پێگەیەكی وای بەو حیزبە بەخشیوە كە لە ئاستی حیزبە فارس و ئێرانییەكانیشدا (هاوشانی چەند هێزێكی تری كوردی ئێرانی) وەك یەكەم حیزبی كوردی ئێرانی سەیری دێموكرات دەكرێ. ئەو دەستكەوتە لەگەڵ فارسەكاندا نابێ بەكەم بزانین!

٣. دیارترین رەخنەی بەرەوڕووی دێموكرات دەكرێتەوە، هەمان \"تێكچوونی یەكڕیزی و تەبایی\"ی ناوەخۆیییە. ئەو حیزبە سەركەوتوو نەبووە لەوەی گۆڕانكارییە فكری و مێژوویییەكانی خۆی بەبێ \"لەتبوون\" تێپەڕ بكا. ئەوانەی پەنجەی رەخنە بۆ دێموكرات درێژ دەكەن مادەی خامی باشیان لەبەردەستە تا لەوبارەیەوە ئەو حیزبە بخەنە بەر داری گلەیی.

٤. یەكێكی تر لەو رەخنانەی رووبەڕووی دێموكرات دەبێتەوە، \"رێگەنەدانە بە سەرگرتنی هێزێكی تری كوردی\" كە بتوانێ ركابەری بكا، ئەو تۆمەتە كاتێك تۆخ دەبێتەوە كە پارتی كرێكارانی كوردستان پێیوایە دێموكرات \"دیكتاتۆرانە دەجووڵێتەوە لەگەڵ هەر هێز و لایەنێك كە هەڵگری بۆچوونی دەرەوەی كوردستانی ئێران بی\". زۆرجاریش پ.ك.ك و هێزەكانی پێڕەوی ئەو حیزبە كوردییە بازنەی تۆمەتەكەیان گەورەتریش دەكەن و دەڵێن: \"دێموكراتەكان روانینی نەتەوەیییان نییە بۆیە هەزمی هێزی پارچەكانی تر ناكەن\". ئەو خاڵە وەك نیگەرانییەكی سیاسی بۆ داهاتووی سیاسیی كورد و دێموكرات لە ئێران دەمێنێتەوە، بەتایبەت كە دێموكرات و پ.ك.ك سوورن لەسەر بۆچوون و سیاسەتی خۆیان.

٥. یەكێك لە شانازییەكانی دێموكرات ئەوەیە كە \"سەربەخۆییی سیاسی و كرداریی خۆی پاراستووە\" و لەو هەمووە جەنجاڵە سیاسی و تێكهەڵچوونە سەربازییانەی لە دەورەبەری ئەو حیزبە بەسەر لایەنەكانی تری كوردیدا هاتووە، هەم لە ئاستی ناوەخۆییی كوردستان و هەمیش وڵاتانی پێوەست بە پرسی كورد، كەمترین گلەیی لایەنگیری یان \"بوونە داردەست\" هاتووەتەوە سەر دێموكرات. بەشێوەیەك كە دێموكرات ئەگەر باری كوردی بۆ ئاسان نەكرابێ، \"هەرگیز\" قورسی نەكردووە.

٦. دێموكرات هەست بە بەرپرسیارییەتێكی گەورەتر لە تەنیا حیزبێك دەكا و هەربۆیەش زۆرجار لە بڕیاردان و گرتنی هەڵوێستەكانیدا پەلەی پێوە دیار نییە. ئەو تایبەتمەندییە وایكردووە سەرجەم هەڵوێست و رەفتارەكانی ئەو هێزە لە ئاستی كوردستانی و دەرەوەشدا بەگرینگ وەربگیرێ و لە ئاستی ئوروپا و رۆژئاوا بەگشتی وەك حیزبێكی \"مەسئول\" سەیر دەكرێ.

٧. دوژمنەكەی حیزبی دێموكرات كە هەمان دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا بوونە، وایان لەو هێزە كردووە كە خۆی لەگەڵ سیاسەتی هەرێمی و ناودەوڵەتیدا بگونجێنێ و بەپارێزێكی زۆرەوە هەنگاو بنێ، بەتایبەت كە ئێران دەستی دەچێتە ناو ریشە و هەناوی وڵاتانی دراوسێ و لە ئاستی ناودەوڵەتیشدا زیاتر لە زۆربەی وڵاتانی تر گرینگی پێدراوە. ئەو نەیارە تایبەتەی كورد لەئێران ئەركی حیزبەكانی ئەو پارچەیەی قورستر لەوانی‌تر كردووە، ئەركێك كە حیزبی دێموكرات ئەگەریش تا ئێستە سەری نەخستبێ، پشتی تێنەكردووە و بەردوامە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە