دێوەزمەیەك بە ناوی ئیتلاعات

هاوار بازیان

بە چاوی كراوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دادەنرێ، دامەزراوەیەكی باڵای ئەمنی كە نەک بەتەنیا ئێران، بگرە چاوی لە دوورترین وڵاتی جیهانە و بۆ گەیشتن بە بچووكترین خواستی ئەمنی و تەناهی دەست بۆ گەورەترین كاری \"ڕەوا و ناڕەوا\" دەبا كە ئەویش هەمان وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانە. ناوەندێك كە بۆ كوردیش پڕە لە بیرەوەریی ناخۆشی گرتن، بردن، كوشتن، تیرۆر و پیلانگێڕی. بەڕاستی ناوەرۆكی \"ئیتلاعات\" چییە، چی لە هەناودایە؟ چی دەكا؟ هێزەكەی چەندە؟ ئایا هێندە ترسناك و بێ مۆراڵە كە وێنا كراوە؟

كورتە مێژوویەك

وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی (واجا)، باڵاترین دەزگای ئاسایشی ئێستای ئێرانە كە پێشتر(ساواك) بوو. \"محەممەد ڕێیشەهری\" یەكەم وەزیری ئەو وەزارەتە بوو كە هاوینی ١٩٨٤، لەسەر دەستی دەسەڵاتی نوێی كۆماری ئیسلامی لە ئێران دەستی بەكار كرد. دواتر كەسانی وەك هاشمی ڕەفسەنجانی و عەلی فەلاحیان پۆستی وەزارەتەكەیان وەرگرت كە سەردەمی فەلاحیان وەك \"ڕۆژانی پڕ دەستكەوت\" بۆ وەزارەتەكە دادەنرێ، پاش ئەوەی زیاتر لە ١٠٠ كردەی ئەمنی - سیخوڕی و كوشتنی نەیارانی دەسەڵاتی تاران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران \"بەسەركەوتوویی\" بەڕێوەچوون، تیرۆری ڕێبەرانی كوردی ئێرانی (قاسملوو و شەرەفكەندی و هاوڕێیانیان) لە ڤیەن و بێرلین نموونەی دیاری ئەو سەردەمەی ئیتلاعاتن.

لە سەردەمی محەممەد خاتەمیدا، قوربانعەلی نەجەف‏ئابادی كرا بە وەزیری ئیتلاعات، دواتریش عەلی یونسی ئەو پۆستەی وەرگرت. سەردەمی ئەحمەدی ‏نەژاد، غوڵامحسێن ئێژەیی بۆ ماوەیەكی كورت وەزیری ئیتلاعات بوو و دواتر مستەفا پوورمحەممەدی و پاشانیش حەیدەر موسلحی لەو پۆستەدا كاریان كرد تا هاتنی دوا سەركۆماری ئێران، واتە حەسەنی ڕووحانی. ئێستەش مەحموود عەلەوی وەك دوا وەزیری ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لەو پۆستەدایە.

هێڵە گشتییەكانی ئیتلاعات

بە سوود وەرگرتن لە سەرجەم هێز و توانا مادی و مەعنەوییەكانی كۆماری ئیسلامی و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵادا، بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی دەسەڵاتی ئێران دەكا و پەنابردن بۆ سەرجەم ڕێگەكانی وەك دزەكردنە ناو نەیاران لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران و چاودێری‏كردنی وردی یار و نەیاری حكوومەتی ئێرانی ئیسلامییە! پێویستە وەزیری ئیتلاعات لە پلەی \"ئیجتیهاد\"دا بی و بڕوای تەواوی بە بنەماكانی ئاینی دەسەڵاتدار (ئیسلامی شیعی) هەبی. هاوكات سەرجەم دامودەزگاكانی سیستمی دەوڵەت لە ئێران ئەركدار كراون كە زانیارییەكانی خۆیان بە ڕاپۆرت و بە پوختی ڕەوانەی ئیتلاعات بكەن و هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە زانیاریی تایبەت بەخۆی هەبی یان كۆ بكاتەوە.

هەیكەلی وەزارەت وەزارەتی ئیتلاعات پێكهاتووە لە ١٤ بەڕێوەبەرایەتی و یەك دەزگای سەربەخۆ كە بریتین لە:
١. ئاسایش و زانیارییە ناوخۆییەكان
٢.دژە سیخوڕی
٣.بەشی دەرەوەی وڵات
٤. پاراستنی زانیارییەكان
٥. بەشی سیاسی
٦. ناوەندی لێكۆڵینەوە و كاروباری ستراتیژیكی
٧. پێگەیاندن و بەدواداچوون
٨. ئارشیو و بەڵگە نیشتمانییەكان
٩. كارگێڕی، هێزی مرۆیی و دارایی
١٠.پەرلەمانی و كاروباری یاسایی
١١.بەشی ئابووری
١٢.كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری
١٣.تێكنۆلۆژی و ڕاگەیاندنەكانی سەردەم
١٤.دەزگای گشتیی پاراستنی وڵات

ئەو بەشانە لە چوارچێوەی ٤ بەشی دیكەدا كار دەكەن: بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش، بەشی چاودێری و تۆماری زانیاری و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكان. هەروەها بەشی دژەسیخوڕی لە وەزارەتی ئیتلاعات كە گرینگی بە چوونە ناو تۆڕە ئەمنییەكانی دوژمن و بەلاڕێدابردنی زانیارییەكانیان دەدا!

لە ئاستی دەرەوەشدا، وەزارەتی ئیتلاعات ٨ بەڕێوەبەرایەتی و بەشی جیا و تایبەتی دامەزراندوون:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئورووپا، ئەفریقا، وڵاتی ئەمریكا، پارزەوینی ئامریكا، ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەلەستین و ئاسیا بەگشتی. لەپاڵ ئەوانەشدا، وەزارەت خۆی بەرپرس دەبینێ لەوەی پشتگیری یان ڕێگری بكا لە دامەزراندنی كارمەندی ڕەسمیی حكوومەت و بڕیاردان لەسەر هەندێك كاروباری دیکەی كولتووری، ئابووری، ئایینی و پەروەردەیی.

بەرنامەی كاریی ئیتلاعات

١. كۆنتڕۆڵی جموجۆڵی هێزە نەیارە كۆن و دیارەکانی وەکوو كورد، فارس، تورك و عەرەبەكان، بە خاڵێکی سەرەكیی دیكەی كاری ئەو وەزارەتە دادەنرێ و بۆ هەڵوەشاندنەوە و كاڵكردنەوەی كاری نەیارانی خۆی، هەموو ڕێگایەك دەگرێتەبەر. بۆ ئەو مەبەستە سەدان تۆڕی یەك كەسی تا ٧-٨ كەسیی لە وڵاتانی دراوسێ و ئورووپا و شوێنەكانی دیکەی دنیا دامەزراندووە كە تەنیا یەك ئەركیان هەیە: كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر جووڵەی ئۆپۆزسیۆن و دواتر شیكردنەوەی زانیارییەكان و فۆرموولە کردنی تا بكەوێتە بەردەستی لایەنی خاوەن بڕیاری پرسەكان. لەو بەشەدا ئیتلاعات كارەكانی دیار و بەرچاوە و بەردەوام شتی نوێی لێ ئاشكرا دەبێ.

٢. لایەنی سەربازی و بەتایبەت پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و شاردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەرجۆرە چاودێرییەكی دەرەكی بەسەر ئەو كەرتە، لە گرینگترین كارەكانی وەزارەت دادەنرێ. لە نێو ئیتلاعاتدا بەشێكی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی مەترسییە هەواڵگرییەكانی سەر بواری سەربازیی ئێران هەیە و چالاكانەش كار دەكا.

٣. لە هەر كەرتێكی ئابووری، زانستی، كۆمەڵایەتی و ...هتد و تەنانەت وەرزشی‏دا، بەشێكی شاراوەی سەر بەئیتلاعات هەیە كە پێویستە ئاگاداری سەرجەم لایەنە ئەمنی و وردەكارییەكانی كاروچالاكییەكان بێ، ئەو ڕاپۆرتانە بەشێوەی بەردەوام ڕەوانەی بەرپرسانی باڵاتر دەكرێنەوە و بڕیاری پێویستیان لەسەر دەردەكرێ.

٤. دۆزینەوە و ڕاهێنانی هێزی نوێی كادر بۆ بەجێ‏گەیاندنی ئەركی هەواڵگری لە چوارچێوەی ڕێكخراوی \"تیرۆریستی\"دا و بەكارهێنانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، كە بەشێكی زۆریان لە دەوروبەری ئێران ئەركیان پێ دەسپێرن و ژمارەیەكی زۆر تایبەت و كەمیان دواتر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات و شوێنە دوورەدەستەكان دەكرێن. ستراتیژیی سەربازیی و ئابووریی هێزێكی وەك حیزبوڵڵای لوبنان، نموونەیەكی دیار و حاشاهەڵنەگری ئەو جۆرە لە كاری ئیتلاعاتە.
٥. هێزە ڕاهێنراوەكانی ئیتلاعات، بە شێوەی تاکەكەس و یان ڕێكخراو، بەپێی توانایان دەخرێنە بەرنامەی كاری گشتیی وەزارەتەوە و كاریان پێ دەسپێرن. بۆ نموونە ئەگەر كەسێكیان بەرپرس دەكرێ لە كردەیەكی وەك تیرۆركردنی ڕێبەرانی كورد لە ئورووپا، ئەوی دیکەیان ئەركی تەقاندنەوەی بنكەی جوولەكەكانی بۆینس ئایرسی پایتەختی ئارژانتین جێبەجێ دەكا.

٦. بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە و پروپاگاندایەك كە دواجار لە خزمەتی سیاسەتە گشتییەكانی ئیتلاعاتدا بێ. بەكارهێنانی ئینتێرنێت و میدیا و دەستخستنە ناو كەرتی ڕاگەیاندن وەك بەشێكی گرینگی سیاسەتی ئەو وەزارەتە لە كاروبارەكانی دادەنرێ و كردنەوەی ژمارەیەك كەناڵی ئینتێرنێتی و میدیایی سەر بە ئیتلاعات، لەو ماوە كورتەدا خزمەتێكی باشیان بە مەبەستی سەرەكیی ئەو وەزارەتە لانیكەم بەرامبەر بە كورد كردووە. بێجگە لەوەی كاری سیخوڕی و چوونە ناو سیستمی كۆمپیۆتێری دوژمن (شەڕی سایبێری) و هاك‏كردن و كۆنتڕۆڵی زانیارییەكان بە شەڕێكی نوێی وەزارەتی ئیتلاعات دادەنرێ و بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەك ماڵپەڕ و دامەزراوەی تایبەتی وەكارخستووە كە دیارترینیان ماڵپەڕی \"ایران دیدبان\"، \"دیار و نادیار\"، \"كیهان\"، \"هابیلیان\" و ... هتدە، كە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتن و هەركامیان مەبەستێكی تایبەتی گرتووەتەبەر.

ئۆپراسیۆنەكان

بەپێی ئاماری چالاكییەكانی پێشووتری وەزارەتی ئیتلاعات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەفغانستان، عێراق، كوەیت و لوبنان بە گرینگترین شوێنی چالاكیی ئەو وەزارەتە و سوپای قودس دادەنرێ. (ئیتلاعاتی سوپا بەشی تایبەتی سوپای قودس و سوپای پاسدارانە). دواتریش وڵاتانی ئوتریش، ئازەربایجان، كرواتیا، فەڕانسە، گورجستان، ئاڵمان، توركیە و بریتانیا لە ڕیزی دووەمدا هاتوون. هەروەها ئامریكا، ئارژانتین، بولیڤی، برێزیل، ئیكوادۆر و ڤێنێزۆێلا بە مەیدانی چالاكییەكانی ئیتلاعاتی ئێران دادەنرێن. وەك باسیش كرا سەرجەم بڕیارەكانی تایبەت بە كار و كردەگەلی گرینگی ئیتلاعات لەسەر دەستی \"ڕێبەری باڵا\" عەلی خامنەیی دەبیت، بەڵام وەك هێزی مرۆیی و مەیدانی سوود لە كەسانێكی توندڕەوی \"شیعی\" وەردەگرن كە لە بەرنامەی كاری ئیتلاعاتدا بە \"سەربازانی بێ ناونیشانی ئیمامی زەمان\" ناسراون. ئەو هێزە هەموو هەوڵەكانی خۆی لە سێ بەشدا چڕ كردووەتەوە:
كۆنتڕۆڵی هەرجورە جووڵە و هەواڵگرییەكی دوژمن بە كورد و عەرەب و تورك و فارسی ئۆپۆزیسیۆنەوە، كاركردن لەسەر عەقڵی جوولەكە و كۆنتڕۆڵی هەواڵگریی ئیسرائیل. لە سەرجەم چالاكییەكانیاندا لە دەرەوەی وڵات كە سوپای قودسی باڵی هاوبەشی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەڕێوەی دەبەن، باسی لانیكەم یەكێك لەو ٣ بەشەی سەرەوە دەكرێ.

بوودجە و هێزی مرۆیی

هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە، بوودجەی وەزارەتی ئیتلاعات كە دامەزراوەیەكی فەرمی و حكومییە شاراوەیە. ئەو شاراوە بوونە زۆرجار بە \"بوونی بوودجەیەكی كراوە\" لێكدەدرێتەوە! بەڵام وەك هێزی مرۆیی و بەپێی زانیارییە دزەکردووەكان، ئیتلاعات نزیكەی ٤٠ هەزار كادر و ئەندام و كارمەندی تایبەت بەخۆی لە هەموو دنیادا هەیە.

وەرگرتنی كارمەند و ئەندام

وەزارەتی ئیتلاعات ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە زانكۆی \"امام محمد باقر\"ەوە هەیە و هەركەسێك داوای ئەندامێتی بكا، پێویستە لەو زانكۆیە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی ئایینی، فیكری و لێهاتوویی سەربازی و جەستەیی بكات. هەروەها ئەو زانكۆیە ساڵانە بە فەرمی بڵاوی دەكاتەوە كە پێویستی بە وەرگرتنی ژمارەیەك قوتابی هەیە. لەو زانكۆیەدا یەكەمجار كار لە سەر پێگەیاندنی ئەندامانی ئیتلاعات لە بوارەكانی زانستی سیاسی و كۆمەڵایەتی، كارگێڕی، زانست و تێكنۆژی دەكرێ. جگە لەوەی دواتریش پێویستە بە فیلتێرە ئەمنییەكانی خودی وەزارەتدا تێپەڕێت و خولی پێویست بە كاری هەواڵگریی و ئەمنی وەربگرن. دیارە جیا لە مەرجە سەرەتایییەكانی دیکە وەك ئەوەی پێویستە مسوڵمان و ئێرانی بێ و بڕوای بە \"ویلایەتی فەقیهی خامنەیی\" هەبێ، ئەندامی هیچ ڕێكخراوێكی دیکە نەبێ و لانیكەم خوێندنی ئامادەیی تەواو كردبێ. تەمەنی لە ٢٢ ساڵ كەمتر و لە ٢٧ ساڵ زیاتر نەبێ! پێویستە ئەوەش بزانین كە زۆرجار ڕەچاوی ئەو خاڵانە نەكراوە و بەپێی پێویست پێشوازیی لە ئەندام و كارمەندی نوێ كراوە. نموونە هەیە كە ئەندامی ئیتلاعلات نەك هەر مسوڵمان و ئێرانییش نەبووە، بەڵكوو تەمەنی سەرووی ٤٠ ساڵ یان تەنانەت نامسوڵمان بووە!

لە كوێ بەدوای ئیتلاعاتییەكاندا بگەڕێم؟

بەشی هەرەزۆری كارمەندانی ئیتلاعات، خۆیان لەژێر پەردەی كاری دیپلۆماسی، باڵوێز و كۆنسولخانەكان، كۆمپانیا فڕۆكەوانیەكان، بانكە ئێرانییەكان و كۆمپانیا گەورەكانی بازرگانیدا حەشار داوە. جگە لەوەی دەستیان گەیشتووەتە ناو كەسایەتییە باڵاكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی پێوەندییان بە بەرژەوەندیی ئێران و ئیتلاعاتەوە هەیە.

پێوەندییەكانی هەواڵگری

ئیتلاعات لەگەڵ چەند ناوەندێكی دیكەی وەك دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ڕووسیە SVR كە درێژەپێدراوی هەمان دامەزراوەی KGBی پێشووە، پێوەندییەكی توندوتۆڵی هەیە و بەشێكی زۆر كادر و چالاكانی وەزارەتی ئیتلاعات لەسەر دەستی هەواڵگریی ڕووسیەیی پێگەیشتوون و ڕاهێنانیان پێ‏كراوە. هەروەها ڕێكخراوی \"قاعیدە\" پێوەندییەكی ژێربەژێر و پتەوی لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتدا هەیە (سەرەڕای سووننە و شیعەبوونی ئەو دووانە) دژایەتیكردنی ئامریكا و ئیسرائیل خاڵێكی هاوبەشی بەهێزی بۆ ئەو دوولایەنە دروست كردووە تا كاری لەسەر بكەن. لە میانەی چالاكییەكانی قاعیدە بۆ تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئامریكا لە تانزانیا و كێنیا ١٩٩٥-١٩٩٦، دواتر دەركەوت كە ١٠%ی پێوەندییە تەلەفۆنییەكانی ئوسامە بن لادن سەرۆكی ئەوكاتی قاعیدە لەگەڵ ناوخۆی ئێراندا بووە.

ئەوەی باس كرا، گۆشەیەكی كەم بوو لە وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی كە لەو بەشەدا زیاتر باسی لایەنی ئیداری و گشتی كرا، لە بەشی داهاتوودا هەوڵ دەدرێ باس لە پرۆسەی گرتن، لێپێچینەوە، دروستكردنی پێوەندی، تیرۆر و ئەشكەنجەخانەكانی ئەو وەزارەتە بە تەواوی وردەكارییەکانیەوە بكرێ.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە