دێولان؛ یاسین فەتحی بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا

22:40 - 12 سەرماوەز 2722

یاسین فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان، لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری ئەو شارە، بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی  نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ زیندان" و"کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٤٢ مانگ زیندان، مەحکووم کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە کاتی دادگاییەکەیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری  بووە و لە دادگاییەکی چەند خولەکیدا، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس، دادگایی کراوە.

یاسین فەتحی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو.