دێولان؛ سوهەیلا مەتاعی بە زیندان مەحکووم کرا

11:56 - 14 سەرماوەز 2722

سوهەیلا مەتاعی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێولان لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەو شارە، بە زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، سوهەیلا مەتاعی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری، "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" بە ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری، "تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" بە ١٣ مانگ زیندانی تەعزیری، "نافەرمانی دژی مەئموورەکان" بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزام"، بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، حوکمی ١٨ مانگ زیندانی ئەو هاووڵاتییە دەبێت جێبەجێ بکرێت. سوهەیلا مەتاعی لە دادگایەکی چەند خولەکی بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس، دادگایی کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەر، سوهەیلا مەتاعی دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و پەروەردەی سنە، کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.