دوكتور كەیوان ئازاد: ساڵیادی كۆماری كوردستان، سەرەتایەكە بۆ ئەزموونی داهاتوو لە كوردستانی گەورەدا
كوردپا: دوكتور كەیوان ئازاد ئەنوەر لەو باوەڕە دایە، گۆڕانكارییەكانی ناوچە و هەروەها وڵاتانی سووریە، توركیە و ئێران پێمان دەڵێین كە دەبێ بە نیسبەت داهاتوو خۆشبین بین و ساڵیادی كۆماری كوردستان سەرەتایەكە بۆ ئەزموونی داهاتوو لە كوردستانی گەورەدا.
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ تاوتوێ كردن و ئەنجامی رێوڕەسمی 66مین ساڵیادی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر وتووێژێكی لەگەڵ دوكتوور كەیوان ئازاد ئەنوەر مامۆستای زانستگای سلێمانی كردووە كە یەكێك لە بەشداربوانی ئەو رێوڕەسمە بوو و توێژینەوەیەكی لەژێر ناوی\" كەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد پاش 65 ساڵ\" پێشكەش كردووە.
دوكتور كەیوان ئازاد ئەنوەر بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، دیارە یادكردنەوەی كۆماری كوردستان كۆمەڵێك قۆناغ لەخۆ دەگرێ و لە قۆناغی ئێستادا دەتوانێ پەیامی ئەوەی هەبێ كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی زۆر هەستیار بەخۆیەوە دەبینێ و پەیامی دووەمی ئەوەیە كە بەڕای دونیا بگەیەنن كە كورد خاوەنی كیان و حكوومەتی خۆی بووە و لە حاڵی حازردا كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا لەبەردەم گۆڕانكاریی گەورە دایە و هەروەها ئەو سیمینارە دەتوانێ قورسایی لەسەر شانی حكوومەتەكانی داهاتووی هەموو بەشەكانی كوردستان هەڵبگرێ و ئەزموونێكی نۆی بخاتە بەردەم كوردستانەوە ولەلایەكی دیكەوە ئەو سیمینارە بە دەسپێكێك بۆ نیشتمانپەروەری دێتە ئەژمار و لە ئەگەری سەركەوتنی لەو چەشنە دانیشتنەنانەدا دەكرێ رێگا بۆ كۆبوونەوەی بەرینی دیكە خۆش بكرێ.
مامۆستا كەیوان ئازاد لە پێوەندیی پەیامی راستەقینەی كۆماری كوردستان بۆ ئیسَتا و داهاتوو و بە لەبەرچاو گرتنی لێدوانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی: لەراستیدا كۆماری كوردستان ئەزموونێكی مێژوویی گەورە بوو بۆ یەكەم جار لە مێژووی كورددا توانی سیستمی نەتەوەیی و كۆماری لە كۆمەڵگایەكی دواكەوتووی نەخوێندەواردا رابگەیەنێ و دوای 65 ساڵ لەو رووداوە دەردەكەوێ قۆناغی كوردایەتی لە كوردستاندا زۆر بەرەوپێش چوونی بەخۆیەوە بینیوە و هەنگاوی باشی لەو پێوەندییەدا هەڵێناوە و لە هەرێمی كوردستان لێپرسراوان سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەی حەوتەمن و مەبەست ئەوەیە كە هەموو ئەو ئەزموونانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كۆماری كوردستان .
كەیوان ئازاد ئەنوەر روونیشی كردەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكان هەرێمی كوردستان ئامادەیی ئەوەی تێدا هەیە كە جارێكی تر سیستمی كۆماری كوردستان دووپات بكاتەوە و بە هەموو شێوازێك ئەو كارە مافی رەوای نەتەوەكەمانە.
دوكتوور كەیوان ئازاد لە درێژەی لێداونەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەشی خستە روو، گۆڕانكارییەكانی ناوچە و هەروەها وڵاتانی سووریە و توركیە و ئێران پێمان دەڵێین كە دەبێ بە نیسبەت داهاتووە خۆشبین بین و دەتوانم بڵێم كە ئەو سیمینارەی هەولێر ئەوە دەگەیەنێ كاتی هاتنی دووپات كردنەوە و هاتنی ئەزموونی كۆماری كوردستان لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە و هاوكاتیش پەیامێكی زۆر روونە بۆ وڵاتانی زڵهێز و دەوڵەتی عێراق.
رێكەوتی 30 رێبەندان بە چاوەدێریی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەر چوار بەشی كوردستان و ژمارەیەك كەسایەتیی بەرچاوی فەرهەنگی و سیاسیی كورد و بیانی، 66 مین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
لە درێژەی رێوڕەسمی 66 مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر، رێكەوتی 1ی رهشهممه سیمینارێك بۆ تاوتوێكردنی ئەو یادە لە هۆڵی رۆشنبیری زانستگای سەلاحەدین پێك هات كە تێیدا چەندین لێكۆلینەوەی تایبەت لەسەر كۆماری كوردستان و كەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد پێشكەش كرا.