خالید محەممەدزادە: ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵات دانەمەزراوە، بەڵكوو دەستەی دەسپێشخەر بۆ دامەزراندنی راگەیەنراوە

20:20 - 17 رێبەندان 2711

 

رێكەوتی 12ی رێبەندان لە بەیاننامەیەكدا كۆمەڵێك لە رۆژنامەنووسان و میدیا كارانی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا بەناوی \"دەستەی دەسپێشخەر \"ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی كوردستان\"یان راگەیاند و لە ماوەیدا كار بۆ بە فەرمی راگەیاندنی دەكەن.
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بە مەبەستی تاوتووێی زیاتری ئەم پرسە، دیمانەیەكی كورتی لەگەڵ خالید محەممەدزادە وتەبێژی ئەو ئەنجومه‌نە رێكخست و ناوبراویش بەم چەشنە بۆ كوردپا دوا.

دیارە ئێمە خۆمان نەكردۆتە نوێنەری رۆژنامە نووسانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكوو ئەو چەند كەسەی كە ناویان لە بەیاننامەكەدا هاتووە وەكوو دەستەی دەسپێشخەری بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی كوردستان ناویان بردراوە و مەودای دوو مانگ دیاری كراوە كە هەموو رۆژنامەنووسانی كورد بتوانن لەو پرۆسەیەدا بەشداری بكەن و ئەو ناوەش دەكرێ‌ لە داهاتوودا بخرێتە دەنگ دانەوە و ئەگەر ناوێكی شیاوتر هەبێت دایدەنێن، بە گشتی ئەوە دەسپێشخەرییە و هیچ رێكخراوەیەك هەتا ئێستا دانەمەزراوە.

خالید محەممەد زادە لە وڵامی ئاژانسی كوردپا لە پێوەندیی ئەوەی كە ئێوە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبەن و چۆن دەكرێ‌ ببنە نوێنەری رۆژنامە نووسانی كوردستانی ئێران وتی: ئێمە پێش لە بڵاو كردنەوەی داواكارییەكەمان لەگەڵ رۆژنامەنووسانی كوردی ئێران راوێژمان كردووە و زۆربەیان بانگهێشتی پەیجی فەیس بووك كراون و ئەوانیش پێشوازییان لێ‌ كردووە و لەگەڵ رۆژنامەنووسانی باشوور و ئورووپاش راوێژ كراوە.

محەممەد زادە لەبارەی جیاوازیی ئەو ئەنجومەنە لە داهاتوودا لەگەڵ ئەنجومەنەكانی دیكەی ناوخۆیی ئێران، روونی كردەوە، دیارە ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەزموونێكمان لەبارەی كاری رێكخراوەییدا هەیە و ئەو كارە چ سیاسی یان كۆمەڵایەتیی و هونەری بێ‌ و زۆربەی ئەو ئەزموونانە بەرەو فاشێل بوون رۆیشتوون و نەیانتوانیوە سەركەوتوو بن و ئەو كارەی ئێمە ئەزموونێكی تازە و كراوەیە و لە راستیدا نامانهەوێ‌ تەنیا دەنگێك یان رێكخراوێك زیاد بكرێت، هەر بۆیە ئێمە لە سەرەتاوە كارەكەمان ئاشكرا كردووە و هیچ پەلەشی تێدا ناكەین، بۆ ئەوەی هەموو بتوانن تێیدا بەشدار بن.

خالید محەممەدزادە لەبارەی رووماڵ كردن و پێشهاتەكانی كوردستانی ئێران و گواستنەوەی بۆ شوێنەكانی دیكە وتی: دیارە ئەوە پێوەندیی بەوەوە هەیە كە ئەو دۆستانەی لەو رێكخراوەیەدا كار دەكەن چەندە چالاك بن و هیودارین ئەو رێكخراوەیە ببێتە دەنگی رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی كوردستان و پێم خۆشە ئەوەش بڵیم كە كێشەی رۆژنامەنووسان تەنیا لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران نیە، بەڵكوو لە دەرەوەش كێشەیان هەیە.

محەممەد زادە لەبارەی پێكهاتە و هەروەها بە فەرمیی تۆمار كردنی ئەوەی خستە روو، ئێمە لەگەڵ فدراسیۆنی رۆژنامەوانای نێودەوڵەتیی لە دیاڵوگ داین بۆ ئەوەی بتوانین هێندێ‌ لایەنی حقووقی بە خۆمانەوە بگرین و لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كردووە و نابێ‌ زۆر چاوەڕوانی ئەوەشمان هەبێ‌ كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمیمان بناسێت.