بۆ پەژاك گریدراوی بارزانی لەسوپای پاسداران باشترە

بێستون هەورامی

لە ٢٤/٣/٢٠١٥دا لەمیدیاكانەوە گوێ بیستی هێرش كردنی گەریلاكانی پەكەكە بۆسەر پێشمەرگە‌كانی حیزبی دێموكرات لەچیای كێلەشینی ناوچەی سنوری باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شەهیدبونی پێشمەرگەیەكی حدكا بەناوی(قادر كەریمی) و برینداربوونی چەندانێكی دیكە لە هەردولا بوین، ئەم هەواڵە ئەگەرچی مایەی نیگەرانی گەلی كورد و خۆشحاڵی دوژمنان هیچ دەسكەوتی بەدواوە نەبوو، بەڵام هەرزوو هەردولا یەكەم دانیشتنیان بەمیانگیری حكوومەتی هەرێم لەهەولێر و دانیشتنی دووەم لەشارۆچكەی كۆیە بەبێ‌ میانگیری نوێنەری حكوومەتی هەرێم ئەنجامیاندا!؟ بۆ ڕونتر دوین لەبارەی دانیشتنی كۆیەوە بەپێی ململانێی پارتی و پەكەكەوە لەئاست چوار پارچەكەی كوردستاندا ئەكرێ‌ داواكاری پەكەكە بوبێ‌ نەك حیزبی دێموكرات!؟

بەهەرحاڵ..ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و گومانە لەدوای بێدەنگی پەكەكەو حدكا لەو ڕوداوە ئەمڕۆ ٢٠/٦/٢٠١٥ ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك وەك باڵێكی پەكەكە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەیاننامەیەكیدا وێڕای گەف كردنی لەهەردوو(حیزبی دیموكرات – حدك و حدكا ) هەروەها هەردولا بەگرێدراوی پارتی و بارزانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناودەبات!؟ لێرەدا پێویستە پژاك بەر لەدەركردنی هەرجۆرە بەیاننامەیەكی لەو شێوەیە ئامانج لەدامەزراندن و ڕاگەیاندنی خۆی وەك باڵێكی پەكەكە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ كۆمەڵانی خەڵك ڕون بكاتەوە ، لەكاتێكدا ئەندام و كادرانی پەكەكە بەبێ‌ هیچ ڕوسوماتێكی یاسایی لەشارو شارۆچكەكانی وڵاتی ئێراندا دەسوڕێنەوەو بارەگاكانی خۆشیان بەبێ‌ هیچ مەترسیێك لەناوچە شاخاویەكاندا بەدی ئەكرێن، خۆ ئەگەر وەڵام لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی گەلی كورددا بێ‌ لەو بەشەی كوردستان ئەی چۆن و بەچ نرخێك حكومەتی تاران ئەو هەموو هاوكاریە پێشكەش بەپەكەكە ئەكات؟؟ بەڵام ئەم ئاماژەیە بۆ حیزبی دێموكرات بە درێژایی مێژوی بەتایبەتی لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا نەك هەردەیان كادر و پێشمەرگەیان لەناو هەرێم- شاری سلێمانیدا تیرۆركراون، بگرە لە ٢٦/٦/١٩٩٦دا سوپای پاسداران بەڕێنمونی هێزەكانی یەكێتی هاتەناو قوڵایی خاكی هەرێمەوە بۆ بوردومان كردنی بنكەو بارەگاكانی حدكا لە شارۆچكەی كۆیەو بگرە هەر لەوساڵەدا مەفرەزەیەكی دیكەی حدكا لەكاتی گەڕانەوەیان بۆناو خاكی هەرێم لەسنوری قەزای هەڵەبجەی ئەوكات لەلایەن لایەنێكی ئیسلامیەوە ڕادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران كرانەوە!؟

سەبارەت بەگرێدانی پارتی بە بەرپرسانی حكوومەتی تارانەوە كەلەم چەند ڕۆژەدا هاتنە دیداری بارزانی هەموو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانن پارتی تا هەنوكە لە دابەش بوونی دوو جەمسەرگیری پارتەكانی هەرێم و پارچەكانی دیكەی كوردستاندا ڕابەرایەتی جەمسەری توركیاو ئەوروپاو ئەمەریكا دەكات تاوەكوو پارتەكانی دیكەو ئێران و مۆسكۆ لەناوچەكەدا، لێرەدا سەرەتای سیناریۆكەی(پەكەكەو پژاك)مان بۆ ڕوندەبێتەوە كە لەپێناو دوو ئامانجدایە.

یەكەم: ڕادەست كردنی شەڕی( حدكا ) لەلایەن پەكەكەوە بەپژاك بۆ ئەوەی پەكەكە خۆی لەو بەرپرسیاریەتی تۆمەتباری خۆی لەو ڕوداوەی كێلەشین بەدەربخاو دواتر ڕۆڵی میانگیری لەنێوان حدكا و پژاكدا بگێڕێ‌ و بەهۆیەوە پاشەكشە بەحدكا و پژاك دەكات كەئەم ئاماژەیە لەبەرژەوەندی حكوومەتی تاراندایەو هەروەها ڕادەست كردنی شەڕی حدكا بەپەكەكە لەلایەن بەرپرسانی حكوومەتی تارانەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر جەمسەرەكەی ئێران ئەبێ‌ لەناوچەی شەنگال و لەوڵاتی سوریادا ئەبێ‌ .

دووەم: بەهۆی ئەو پشتیوانیە سەربازیە نێودەوڵەتیەوە ئەمڕۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا لەهەرێم بەتایبەت پارتی ئەكەن حكوومەتی تاران هەوڵی پاراستنی پەكەكە لەشەڕ كردن لەگەڵ پارتی لەم قۆناغەدا دەدات و بۆ داهاتوش لەچاوەڕوانی گۆڕانكاریەكاندا ئەبین تاوەكو بزانین لەبەرژەوەندی كێ‌ و چ لایەنێك ڕودەدەن .

بۆیە بەبڕوای من لەوكاتەدا كە هەرێم دوچاری شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و دابەش بوونی جەمسەرگیری وڵاتان و هتد.. بووەتەوەو هەروەها تاكە كەناڵی گفتوگۆی گەلی كوردە لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا لەمەڕ ماف و ئازادیەكانی گەلی كورد بەڕابەرایەتی بارزانی بۆ پژاك واباشترە ئەگەر هەردوو حدك و حدكا گرێدراوی پارتی بارزانی بن لەگرێدراوی سوپای پاسداران باشترە .

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە