لە هەموو خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیلام تا ورمێ، یەک جۆر "کاغذ"ی سپی دەبینرا کە دروشمەکان و تەنانەت قەبارەی فۆنت و جۆری فۆنتەکەش هەر یەکبوون!

وەک بڵێی ناوەندێک لە سەرتاسەری کوردستان ئەو دروشمانەیان بۆ بەرپرسانی ناوچەیی خۆیان بەڕێ کردبێت و دواتر چاپ کرابن!

هەڵبەت هێندێک کەس تاک و ترووک بە دەستنووس یان بە کامپیوتێری خۆیان هێندێک دروشمی تایبەتیان بە شێوەیەکی خۆرسک و ڕێکنەخراو ئامادە کردبوو، هەر بۆیە پرسیاری ڕێکخستنی نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەو "لاپەڕە سپییانە" بە یەک ڕەنگ و یەک فۆنت و یەک قەبارە لە سەرتاسەری خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لای نووسەری ئەم دێڕانەدا بێ وەڵام ماوە!

ئەگەر پێوەری خۆشەویستی ئەحزابی رۆژهەڵات دروشمی حیزبی و بەرزکردنی لافیتەی حیزبی لە خۆپیشاندانێکی نەتەوەیی و جەماوەری بە بەشداری هەموو ڕەنگ و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی (کە زۆرجار لایەنگران و ئەندامانی زۆربەی حیزبەکانی تریش بەشدارن) بێت ، ئەوە با نەورۆز تی ڤی و پژاک و تەنانەت "پ.ک.ک"‌ش واز لە حیزبی نیشاندانی ئەو خۆپیشاندانانە بێنن، چوون لە هیچ ناوچە، شار و گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، درووشمی "بژی پ.ک.ک" ، "بژی پژاک" نەوتراوە، هەر بۆیە ناوهێنانی "یەپەگە" و "گریلا" بە حۆکمی دووری جۆغرافیا و "بێ زەرەر" بوونی ئەو دروشمانە، ناچێتە خانەی لایەنگری خەڵک لە پ.ک.ک هەر وەک چۆن پشتگیری لە شەنگال ناچێتە خانەی لایەنگری لە پارتی و یەکیەتی.

نموونەی مێژوویی: دوای تێرۆری د.قاسملوو {١٩٨٩} لە خۆپیشاندانی خەڵکی باشووری کوردستان، ڕژیمی بەغداد ڕێگای بۆ ئەو خۆپیشاندانانە خۆش کردوو و هیچ هاوڵاتییەکی باشووری کوردستانیش دەستبەسەر نەکرا و حدکا-ش ئەو پاڵپشتییەی خەڵکی باشووری کوردستانی وەک لاوازی پێگەی یەکیەتی و پارتی لە قەڵەم نەدا.

پێشنەگرتن و تاڕادەیەکیش بەشداری بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئێسلامی ئێران بۆ بەڕێوەچوونی ئەم خۆپیشاندانانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دانپێدانانێکی نەخوازراو بە سنووری جۆغرافیای "کوردایەتی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، واتە هێندێک شار و ناوچەی وەک ئیلام، کرماشان و بیجار و ... کە پێشتر زۆر تێکەڵاوی "شەقامی کوردی" لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون، ئەمجارە (بۆ شەنگال و کوبانی) بە شێوەیەکی بەرچاوتر بەشدارییان کرد کە دەتوانین وەک بەرز بوونەوەی "هەستی نەتەوایەتی" و لاوازی "قەیرانی شۆناس" لەو ناوچانە خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئاستی بەشداری ژنان و کچان، مامۆستایانی قۆتابخانە، کارمەندان و مووچەخورانی حکوومەتی لە خۆپیشاندانێکی نافەرمی و نا حکوومەتی (لە هێندێ شاریش ڕێگە پێنەدراو) بە لەبەرچاوگرتنی فەزای ئەمنیەتی نێوخۆی کوردستان و ئێران جێگای سەرنج بوو!

بەشێکی زۆری بەشداربووان ئەو منداڵ و گەنجانە بوون کە هەموو تەمەنیان لە سیستمی پەروەردەیی کۆماری ئێسلامی بەسەر بردووە و لە ساڵانی ڕابردووش لە ژێر تەوژمی شەپۆڵی "ژێنۆسایدی سپی" و ئاسمیلاسیۆنی ڕاگەیاندنە "ناوەندگرا" و "فارس"یەکانی نێوخۆ و دەروەی وڵات گەورە بوونە و وا هەست دەکرا کە زۆر تێکەڵاوی "گوتاری کوردی" و "شەقامی کوردی" نەبن، بەڵام "کارکردی" میدیا و پەروەردەی حکوومەتی ناوەندگەرا بۆ تواندنەوە و ئاسمیلە کردنی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیان بردە ژێر پرسیار و وزەی "بەالقوە"ی خۆیان بۆ پێشهاتەکانی داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان نیشان دا!

ئەو بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە