خاک توانای کۆچی نییە
ئەوەیە رازی مانەوەی هەمیشەیی من لەم وڵاتەدا *
هەرچەند ئەو تاک(Individual)ـانەی بەناچار کوردستانیان بەجێهێشت و روویان لە هەندەران کرد لە دیاسپۆرا دا لە درووست کردنی شوناس(Identity)ێکی گشتی و کۆمەڵگایەکی کوردی لە دەرەوەی وەڵات لە سەدەی بیستەمدا بەشدارییان هەبووە بەڵام بێگومان لە کردنەوەی دەلاقەیەک بۆ دۆزینەوەی شوناسی تاکەکەسی خۆیان [وەک هاووڵاتیی کورد]هەموو کات تووشی تەنگ و چەڵەمی هزری و مەعریفی(intellectual) گەورە هاتوون و هەمیشە وەکوو رێبواری نا-رێگایەکی پڕ لە مەترسی جووڵاونەتەوەو بەشێکی زۆریشیان لەو نا-رێگا پڕ لە هەوراز و نشێوەدا ئاسۆیان لێ ون بووەو بەرەوە لێواری هەڵدێڕی ئەو نا-رێگایە رۆییشتوون.

لەنێوان "ئێمە" و "بیانی"(alien) یەکاندا کیانی پڕ لە مەترسی (من ئی ئێرە نیم) بوونی هەیە، ئەو (عدم تعلق=Lack of belonging)ە روویەکی دیکەی دراوی بێ بەش بوون لە شوناسە.

تاکێکی دوورخراو و راونراو لە وڵات و نیشتمان(fatherland)ی خۆی هەموو کات هەستێکی خۆبەبچووک زانینی لە بەرانبەر "ئەویتری" خانەخوێ دا تێدا بەدی دەکرێ و لەو دۆخەدا خۆی وەک میوانێکی ناوەخت دەبینێ، میوانێکی ناوەختی شەرمێون کە هیچ خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو ژینە نوێیەو ئەو کۆمەڵگا نامۆیەدا نییە.

ئەو ژینگە نوێیەش خاوەنی هیچ چەشنە هاوبەشییەکی چاندی[تەنانەت بچووکیش] لەگەڵ زێدەکەی ئەو پەنابەرە [شەرمێونە لەخۆنامۆیە] نییە و هیچ شتێکی پێ نییە کە بتوانێ تاکی پەڕیوەبووی بێ وڵات و بێ شوناس دوای گیرسانەوەی لەو عەرنیگارییە نوێیەدا بگەیێنێتە ئاستێک کە من پێی دەڵێم: ئۆرگاسمی کەسایەتی".

دیاسپۆرا پێویستیی هەبوونی شوناس( Identity Existence) هێدی هێدی و زۆر بەکاوەخۆ دەتوێنێتەوەو لە بواری مەعریفییەوەش ئەو شوناسی گشتییە کە تاک شانازی پێوە دەکات و خۆی بە بەشێک لەو شوناسی گشتییە دەزانێ (بۆ وێنە:کوردبوون) لێی دەستێنێتەوە.

تەنانەت ئەو نەتەوانەی کە لە کەشی دیاسپۆرا و پەڕیوەییدا هەوڵی ئەوەیان داوە کە گەشە بە هەستی نەتەوایەتی و نەتەوەبوونی خۆیان بدەن و پەروەردەی بکەن لە گەڵ تێپەڕبوونی کات و لە دایکبوونی جیلی نوێ و درووست بوونی کەلێنی نێوان جیلی نوێ و جیلی کۆن، تووشی گرفتی گەلێک گەورە هاتوون و نەیانتوانیوە ئەو مەبەستەی خۆیان بە باشی بپێکن.

پەنابەر-کۆچبەر هەموو کات لە لایەن کۆمەڵگای خانەخوێوە بە چاوی بیانی و نامۆ و «ئەویتر»(another) سەیر دەکرێ.مرۆڤی دوورخراو و پەنابەر لە دیاسپۆرا دا لە بەرزەخ(transition)ێکدا دەژی کە بۆخۆی هەڵیبژاردووە.

بەرزەخ بەو واتەیە کە نە بە تەواوەتی دەتوانێ لەگەڵ نۆرم و بایەخەکانی کۆمەڵگا و ژینگەی نوێی مۆدێرندا رێککەوێ و نە بە تەواوەتیش دەتوانێ واز لە زێدی خۆی بێنێ و هەستی غوربەت و دڵتەنگی(Nostalgia) بۆ نیشتمان لە بیر خۆی بباتەوە.

هەر ئەو تایبەتمەندییە بەسە کە ژیان لە دیاسپۆرا وەک سزا(reprimand)یەکی دژە مرۆڤی نێودێر و پێناسە بکەین.

ئەو مرۆڤگەلەی کە لەپێناو ئازادی وڵاتەکەی خۆیاندا ئامادەبوونە هەموو فیداکارییەک بکەن و دواتر ئەو دۆخەی کە تەسلیمی بوون و دەستی قەدەر کۆچبەر و پەڕیوەی هەندەرانی نامۆیی کردوون، دەگەنە ئاستێک کە تەنانەت لە ژیانی تاکەکەسی خۆیان و لە باری دەروونییەوەش ئیتر ئەو مرۆڤە خاوەن وزە و چالاکەی رابردوو نین.

ئەو دۆخە نالەبارەی ژیان لە هەندەران بۆ تاکی بێ ئاڵا و بێ کیان
(No nation - state) ی کورد - لە بەراورد لەگەڵ ئەو نەتەوانەی دیکە کە لەگەڵ کێشەی هاوشێوەی ئێمەی کورد بەرەوروو نین- سەد قات دشوارتر و ئەستەم ترە.

ئەوەی تاکی کورد لە هەندەران تووشی دەبێ قۆناغێکە کە بە بڕوای من لە سەرووی دیاسپۆرا و کۆچە و دەتوانین نێوی فەراکۆچ(transmigration)ی لێ بنێین.

لەو دۆخە هەڵاوەسراو(suspended)ەدا پرسی «مرۆڤی کورد-زێدی کورد» و ژێردەستەبوونی ئەو دوو چەمکە و دابڕان لێیان زیاتر لە جاران تووشی بیر کردنەوەت دەکا و ئەو بیرکردنەوەیە گەلێک پرسیاری جۆراوجۆر دێنێتە ئاراوە.

- گەلۆ هەموو مرۆڤەکان مافدار نین کە لەو زێدەی کە لێی لە دایکبوون بژین و بمرن؟
- ئێمە وەک تاک لەو پرۆسەی دابڕان لە شوناس و زێدەدا چەندە تاوانبارین؟
- لەو پێناوەدا چەندە ئەرکەکانی خۆمان بەجێهێناوە و چەندە حەولمان داوە لەگەڵ ئەو تابلۆیەی کە لە دێڕەکانی سەرەوەدا وێنا کرا، بەرەوروو نەبین؟

- ئەگەر لە رۆژهەڵات راونراوین چەندە ویستی مانەوەمان لە باشوور هەبووە؟
- ئەگەر باشوور بۆمان نەبوو بە وڵات چەندە بیرمان لە مانەوە لە باکوور کردەوە؟
- چەند جار لە خەڵوەت و تەنیایی خۆماندا بە خۆمان وتووە:" ئەگەر نیشتمانم منی ناوێ، من ئەوم هەر دەوێ و دەیکەم بە نیشتمان بۆخۆم"؟

کۆچ(expatriation) بۆ کورد سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جار وەک دەرفەت ئەژمار دەکرێ بەڵام بەو فۆرمەی ئێستا و لە رووبەری گەورەی خۆیدا وەک هەڕەشە خۆدەنوێنێ و قومارێکی گەورەیە لەگەڵ شوناس و نیشتمان و هەر دووک سەری ئەو قومارە هەر دۆڕانە.هەم بۆ تاکی کورد و هەم بۆ نیشتمان.

ئێرە وڵاتی منە، لێی لە دایکبووم و لێی ژیام و لێی گەورە بووم و لێی هەستم بەدیلی خۆم کرد و لێی یاخی بووم و هەر لەو زێدەش سەردەنێمەوە و ئەو بەڵێنە لەگەڵ دایکی نیشتمان دەبەینە سەر. لێرە ناڕۆین، ئێرە کوردستانی ئێمەیە!

پەراوێز*
هۆنراوەی "خاک"لە هۆنینەوەی هەڵبەستوانی جوانەمەرگ کاک "مارف ئاغایی"

سەرچاوکان:
١-سەعید ئێدوارد - رۆڵ و دەوری رووناکبیر
٢- مەریوان وریا قانع - ناسیۆنالیزم و سەفەر