ئێمەی کورد، لە ئێستا و لە رابردوودا، تا جامی ستەم و چەوسانەوەمان پڕ نەبووبێت، تا داگیرکەرانی کوردستان ناچاریان نەکردبێتین، چەکمان هەڵنەگرتووە، چەک هەڵگرتنیشمان لە پێناوی، بەرگری کردن بووە لە گەلەکەمان و لە خاکی کوردستانمان، ئەمەش مافێکی رەوای هەر گەلێکی ماف خوراو و نیشتمان داگیرکراوە.
تا ئەمڕۆش ئەو چەکانەی بە دەستی شۆڕشگێڕانی کوردەوەن، چەکی سادەن و مەودا کورتن، گرنگترینان " کڵاشینکۆف " ـە ، کە لە وڵاتانی تردا، وەکو چەکێکی ئاسایی، شوان و جوتیار و راوکەرەکان بە کاری دەهێنن.
بەڵام بە پێچەوانەی کوردەوە، هەردەم داگیرکەرانی کوردستان پەلاماری گەلەکەمانیان داوە و، کوشندەترین چەکی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و سووتێنەری قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیان لە کوشتنی کورد و کاولکردنی کوردستان تاقیکردوونەتەوە .. بۆنموونە : بۆمبی ناپاڵم ، فسفۆری سووتێنەر ، دەبە تیزاب، کیمیاوی ، بۆڵە بۆمب، مین، فرۆکەی مێگ، فانتۆم، سیخۆی، هێنتەر، فرۆکەی بێ فرۆکەوان، راجیمە، قورسترین تۆپی دوورهاوێژ، تازەترین تانک و زرێپۆش ... هتد . لە سێدارەدان و ئەنفال، گۆڕی بە کۆمەڵ، تا ئێستا بەهەزاران کوردی بێ تاوانمان هە لەبەر ئەوەی کە کوردبوون شەهید کران .. تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان دەستیان لە کوشتن و دەربەدەرکردنی کورد هەڵنەگرتووە .. درێژە بە هەمان سیاسەت دەدەن .. هەموو هەوڵێکیان ئەوە بووە کە ناسنامەی کورد بسڕنەوە .
بەڵام هیچ کاتێک ئێمەی كورد ، حەزمان بە کوشتن و خوێن رشتن نەبووە ، هێچ کاتێک لەگەڵ تۆڵە سەندنەوەدا نەبووینە ، هەردەم لەگەڵ زمانی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەدا بووینە، لە رابردوو و ئێستاشدا لەگەڵ ئەو رایەداین ، کە " سەد ساڵی گفتوگۆ لە رۆژێکی شەڕ باشترە ".
بەڵام بەداخەوە، هەردەم ناحەزان و داگیرکەرانی کوردستان، دڵپاکی و نیەتباشی و خۆشبڕوایی ئێمەی کوردیان قۆستۆتەوە و بە خاڵی لاوازمانیان زانیوە .. تا ئێستا چەندین جار فڕوفێڵیان لێ کردووین و، بە بەڵینی درۆ و زەردەخەنەی ژاراویان بڕومان کردووە و تێکەوتووین، زۆر کەمیش وانە و پەندمان لەم هەڵخەڵەتاندن و شکستییانەمان وەرگرتووە.
لەم ماوەیەدا، دوو جار ئۆردوگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا ، داوای لە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان کرد، کە بەبێ هیچ مەرجێک چەک دابنێن .. هەر دوای قسەکانی لەم ماوەیەدا هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ، زۆر بە خەستی و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ بەزەییانە، چەندین جار، بۆ ماوەی زیاتر لە پانزە کاژمێر.. دێیەکانی بناری قەندیل و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد، کە زیانێکی گیانی و ئابووری و ژینگەیی زۆریانبە و ناوچانە گەیاند، بە داخە وە، نە حکوومەتی عێراق و نە حکوومەتی کوردستان و نە پەڕلەمانی کوردستانیش، بە فەرمی پرۆتستۆی ئەم تاوانانەیان نەکرد و خۆیان ڵێ کەڕ و لاڵ کرد.. هەر لەمکاتەشدا بوو کە وەفدی کوردی ، سەردانی تێکۆشەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد، لە ئیمرالی کرد بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە .
ئەم کارە قێزەوەنانەی تورکیا، ئەوە دەگەیەنن کە ئۆردوگان و دەسەڵاتدارنی تورکیا، ئەوەی لە دڵیاندایە، ئەوە نییە کە لەسەر زاریاندایە .. دڵیان پڕە لە رق و کینە، تا ئەمڕۆش لەگەڵ مەنتیقی لەشکرتاری و هێز و خوێنڕشتندان.
تا ئەمڕۆ بچووکترین هەنگاوی پراکتیکیان نە ناوە، تا نیەتباشی و راستگۆیی خویان بسەلمێنن .. بۆیە تا ئێستاش کورد گومان لە راستی و نیەتپاکیان دەکا.
تا ئێستا یەک لایەنانە، پارتی کرێکارانی کوردستان چەند جارێک شەڕی راگرتووە و داوای گفتوکۆ و چارەسەرێکی ئاشتیانەی بۆ دۆزی کورد لە باکووری کوردستاندا کردووە، بەڵام تورکیا ئەم هەڵوێستانەی شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستانی بە لاوازییان زانیووە و بە هێزێکی گەورەتر و بە شێوەیەکی دڕندانەتر پەلاماری کوردستانیان داوە .. کوشتن و کاولکاریی زیاتریان لە کوردستان کردووە .. بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ، بڕوای پۆڵایینی گریلەکان و، هەستی کوردسانپەروەری لە دڵی کوردا خامۆش بکەن .
کورد لە پێناوی لێبووردندا و چەکداناندا، چەکی هەڵنەگرتووە ، چی وەرگرتووە، تا بەبێ مەرج چەک دابنێ ؟ چەندین هەزار لاومان لە پێناوی چیدا شەهید بوون ..؟ ئەگەر تۆرکیا راست دەکا و بەراستی دەیەوێت بە رێگای گفتوگۆ و ئاشتییانەکێشەی کورد کۆتایی پێ بهێنێت .. با وەکو نیەتباشی . هەزاران زیندانی بێ تاوانی کوردمان ئازادبکەن، با سەرۆکی زیندانی کراو عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکەن، با شەڕ رابگرن، با بۆردوومان کردنی گوند و ئاوەدانی و ، کوشتنی گوندنشینەکان رابگرن.
پێویستە شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستان، هەڵەی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستان دووبارە نەکەنەوە، کە بەبێ هیچ، مەرجێک لە ساڵی (١٩٧٥) دا چەکیان دانا ـ ئەگەر چی بە پیلانێکی نیۆ دەوڵەتی ناچار کردین.
بە بۆچوونی من ئەگەر هەزار پێشمەرگەمان لە شاخدا بمانایەتەوە و، شەڕی پارتیزانیان بکردایە ، شۆڕش گەورەتر دەبۆوە و حکومەتی عێراقیش نەیدەتوانی هێڕشەکانی ئەنفالی بەدناو ئەنجام بدات.. ناچار دەبوون کە ملکەچی بەشێک لە داخوازییەکانی کورد بن .
وەکو دەڵێن : " ئازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدێ " بۆیە تا کردارەکانیان بە چاو نەبینین، نابی بڕوای تەوامان بە تورکیا هەبێ، چونکە جێی متمانە نین.بۆ ئەوەی ئەمجارەش تێ نەکەوین .. نابێت بە بەڵێنی زاری و زەردەخەنەی درۆ بخەڵەتێین .. كردارەکانیان شەرتە نەک قسە و بەڵێنەکایان .
من حەز بە ڕشتنی تنۆکە خوێنێکی نە کورد ونە تورکیش دەکەم، لەگەڵ راگرتنی شەڕدام ، لە گەڵ زمانی گفتوگۆ و ئاشتیدام ، بە مەرجی کە تورکیاش پێ بەندبێ، بە رێکەوتنی راگرتنی شەڕ . هەموو هێڕش و بۆردوومان و جمووجووڵێکی سەربازی رابگرێت .. ئەگینا مافی شۆڕشگێرڕانی باکووری کوردستانە، کە بەرگری لە خۆیانبکەن و ، وەڵامی پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا بدەنەوە.
بەڵام تا نەگەنە رێکەوتنێکی تەواو ، لەگەڵئەوەدا نیم ، شۆڕشگێڕانی باکووری کوردستانمان چەک دابنێن و ، قەندیل چۆڵبکەن .. دڵنیام کە ئەمە مەرجی ئەمانیشە چونکە ، ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو و ئێستای تورکیادا هەیە و دەیاناسن ، کە دەیانەوێت سوود لە کات وەربگرن. بەڵێن دەدەن ، بەڵام کرداریان نییە .. بەڵکو رەفتارەکانان بە تەواوێ بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیانەوەن .




