٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ ئارمان مەردانی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی کامێران، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شوێنێکی نادیار و لەژێر دەسبەسەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بوو، ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تلفۆنییەوە لەگەڵ کەسوکارەکەی، هەواڵی گواستنەوەی خۆی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگەیاندووە. ناوبراو تووشبووی نەخۆشیی ئێم ئێس (MS)ـە و پلاتین لە قاچیدایە. ئارمان مەردانی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. هەروەها شێوازی جێگەی نیگەرانیی پەیوەندییەکەی لەگەڵ خوشکەکەی و ماڵاواییکردن بەو ناوەڕۆکەی کە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێ دەکات، بووەتە هۆی گوشاری دەروونیی توند لەسەر خوشکەکەی و لە کۆتاییدا گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی لێکەوتووەتەوە. خوشکی ئارمان مەردانیش تووشبووی نەخۆشیی ئێم ئێس (MS) و خاوەن پێداویستیی تایبەتی جووڵەیە و کورسیی کەمئەندامی (ویلچێر) بەکار دەهێنێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «ئارمان مەردانی»، کوڕی عەلی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ پاش بانگکردنی تلفۆنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، پاش چەند ڕۆژ بێهەواڵی، ڕێگەی پێدرا پەیوەندییەکی کورت لەگەڵ کەسوکارەکەی بگرێت. ئەو لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاند کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە و بڕیارە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە بگوازرێتەوە. ناوبراو لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا ماڵاوایی لە کەسوکارەکەی کرد و وتی کە ئەم ماڵاواییکردنە بۆ هەمیشەیە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پەیوەندییەکەی مەردانی لەگەڵ خوشکەکەی ئەنجام درابوو کە ویلچێر بەکار دەهێنێت، کەمئەندامی جووڵەیە و تووشبووی نەخۆشیی ئێم ئێس (MS)ـە. ئاواز و شێوازی ماڵاواییکردنەکەی گوشارێکی دەروونیی توندی خستووەتە سەر خوشکەکەی و بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی جەستەیی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە.
ئارمان مەردانی لە ساڵی ١٤٠١ و لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ساڵەدا لە ئێران چووە دەرەوە و پەیوەندیی بە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێرانەوە کرد. ناوبراو پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ، لە ساڵی ١٤٠٣ بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە ئێران؛ بەڵام پاش گەڕانەوەی، لە سنووری «باشماخ»ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەریوانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی پلاتین لە قاچی مەردانیدا و تووشبوونی بە نەخۆشیی ئێم ئێس (MS)، ناوبراو بە پابەندی ئێلێکترۆنی بۆ ماوەی شەش مانگ ئازاد کرا و لەم ماوەیەدا ئەرکدار بوو هەموو ڕۆژێک خۆی بناسێنێت و واژۆ بکات. سەرەڕای ئەوەش، پاش ئازادبوونی لە پابەند، هەر ماوەیەک جارێک بانگی ناوەندە ئەمنییەکان دەکرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر تا یەک ڕۆژ لێپرسینەوەی لێ دەکرا. ناوبراو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٩ جار بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. ئارمان مەردانی لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. بە لەبەرچاوگرتنی تووشبوونی بە نەخۆشیی ئێم ئێس (MS) و هەبوونی پلاتین لە قاچیدا، دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربووندا جێگەی نیگەرانییە و هەر جۆرە پێڕانەگەیشتنێکی پزیشکی نموونەیەکی زەقی پێشێلکردنی مافەکانیەتی.





