۲۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «نازەنین حوسێن‌پوور»، ژنی لاوی ۳۴ ساڵانی کورد، خەڵکی پیرانشار و دایکی دوو منداڵی ساوا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو کە چاودێریی هاوسەرە تووشبووەکەشی بە نەخۆشیی شێرپەنجە دەکات، لە مافی چاوپێکەوتن، پەیوەندی بە بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «نازەنین حوسێن‌پوور»، کچی سلێمان میرزا و خەڵکی گوندی «شیناوێ»ی سەر بە پیرانشار، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو؛ نازەنین حوسێن‌پوور خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵی ساوایە، کوڕێک و کچێک. هاوسەرەکەی لە نەخۆشیی شێرپەنجە دەناڵێنێت و بەشێک لە ئەندامانی جەستەی لەکار کەوتوون. هەروەها باوک و دایکی هاوسەرەکەی نازەنینیش لە دۆخێکی نالەباری جەستەییدان و بەرپرسیارێتیی ڕاگرتن و ڕاپەڕاندنی کاروباری ئەم سێ ئەندامەی ئەم بنەماڵەیە لەسەر شانی نازەنین بووە؛ بەم حاڵەشەوە، ئێستا ئەو دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند؛ ئەندامانی بنەماڵەی نازەنین حوسێن‌پوور لە چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتن و لە دەرەوەی ئێران دەژین.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژیئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. نازەنین حوسێن‌پوور هەروەها لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.