۲۸ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «حوسێن یووسفی»، لاوی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی شەممە ۲۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «حوسێن یووسفی»، لاوی کوردی خەڵکی گوندی «ئەمیرئاباد»ی سەر بە بۆکان، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم لاوە کوردە لە ماوەی پێنج ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.