۲۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا «شیوا زارعی»، چالاکی کورد و ڕۆژنامەوانی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی «بووئین‌زەهرا»ی سەر بە قەزوێن، لە دۆسییەسازییەکی نوێدا بە تۆمەتەکانی «پوڕوپاگەندە دژ بە نیزام»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» و «بانگهێشتکردن بۆ بشێوی و کوشتار بە هۆی نا وتنی بە سێدارە» تۆمەتبار کراوە و دوای بانگکردنی بە دانانی بارمتەی ۲ میلیارد تمەنی ئازاد کراوە. ناوبراو پێشتر لە دۆسییەیەکی دیکەدا سزای پێبژاردنی نەختیی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ۱۹ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «شیوا زارعی»، چالاکی کورد و ڕۆژنامەوانی خەڵکی قەزوێن، بانگی لقی یەکەمی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شارستانی بوئین‌زەهرا لە پارێزگای قەزوێن کراوە و بە دۆسییەسازی نوێ بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە نیزام»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر»، «دژایەتیکردنی سێدارە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ستۆری نا بۆ سێدارە کە وەک بانگهێشتکردن بۆ کوشتار و بشێوی» لێکدراوەتەوە، تۆمەتبار کراوە و دواتر بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی ئازاد کراوە.

 

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، ئەم دۆسییەسازییە لەکاتێکدایە کە تەنانەت دوای بانگکردنی شیوا زارعی بۆ ئەم لقەی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی تۆمەتەکانی، ڕێگەی هەبوونی پارێزەری پێنەدراوە و لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە. هەروەها شیوا زارعی پێشتر دۆسییەیەکی هەبووە و ناڕەزایەتیی بەرانبەر بەوەش دەربڕیوە و هێشتا وڵامی ناڕەزایەتی دۆسییەی پێشووی نەهاتووەتەوە.

 

پێشتر کوردپا بڵاوی کردبووەوە کە دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی «شیوا زارعی» ڕۆژی ۱۹ی جۆزەردانی ۱۴۰۵ لە لقی سێیەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی دادگای شاری قەزوێن بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە نیزام لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە ئینستاگرام» بەڕێوەچوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای پێبژاردنی ۵۰ میلیۆن تمەن سزای دارایی بۆ ئەم تۆمەتە دەرچووە و پێی ڕاگەیەندراوە. دەرچوونی ئەم سزایە لە درێژەی ئەو گوشارانەدایە کە خراونەتە سەر ئەم چالاکە کوردە؛ بە شێوەیەک کە چەندین جار خراوەتە ژێر گوشارەوە، سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەستراون و مۆبایلەکەشی لە بەفرانباری ۱۴۰۴ەوە بێ پێدانی بەڵگەی یاسایی دەستی بەسەردا گیراوە و تا چەندین مانگ پێی نەدراوەتەوە.

 

شیوا زارعی، چالاکی کورد، چالاکی بواری ژنان و ڕۆژنامەوانە کە لە بنەڕەتدا خەڵکی «قەسری شیرین» لە پارێزگای کرماشانە و دانیشتووی «بووئین‌زەهرا» لە پارێزگای قەزوێنە.