ڕۆژی هەینی ١٢ی خاکەلێوە دادگای "هێلروود"ی دانمارک حوکمی دەسبەسەریی یەک مانگەی بۆ پەناخوازێکی کورد بە ناوی "قەدەمخێر حەقانیزادە" دەر کرد.
"سیرووس عەزیزیزادە" هاوژینی "قەدەمخێرحەقانیزادە" لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "دادوەری دادگا ڕایگەیاندووە کە هاوژینەکەی هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران، دەبێ لەلای پۆلیسی وڵاتی دانمارک بمێنێتەوە".
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەیکە خەڵکی دانمارک بەنیسبەت ئەو پرسەیە دژکردەوەی توندیان نیشان داوە، بەڵام دەیانهەوێت بنەماڵەکەم دیپۆرت بکەنەوە".
ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە، "قەدەمخێر حەقانیزادە" پاش ٦ ساڵ نیشتەجێبوون لە وڵاتی دانمارک، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازیی پەنابەرییەکەی لەلایەن مەئموورانی دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە بە شێوەی نەشیاو لە هاوژینەکەی و منداڵە یەکساڵەکەی جیا کرایەوە و لەگەڵ دوو منداڵی دیکەی بۆ فڕۆکەخانەی کۆپێنهاگ ڕاگوێزران.
ئەو پەناخوازە لەگەڵ دوو منداڵەکەی بە فڕۆکە بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران ڕەوانەی ئیستامبوڵ کران و دواتر بەهۆی ملنەدان و خوێنبەربوونی توند لە ئاکامی هەوڵی لەخۆدان (خودزنی)، پاش چەند کاتژمێر گەڕێندرانەوە وڵاتی دانمارک.
قەدەمخێر حەقانیزادە و بنەماڵەکەی خەڵکی شاری سەرپێڵیزەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانن و مانگی سێبتامبری ساڵی ٢٠١٥ لە دەوڵەتی دانمارک داخوازیی پەنابەریی سیاسییان کردبوو کە پاش ٦ ساڵ نیشتەجێبوون لەو وڵاتە داخوازییەکەیان ڕەت کرابووەوە.





