ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی سەرماوەز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە کوژرانی ژنێک لەلایەن مێردەکەیەوە لە شاری داڵاهۆ بڵاو بووەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند کە ئەو ڕووداوە پێشتر و لە چەند مانگی ڕابردوودا بەم شێوەیە بڵاو بووەوە کە ژنێک بە ناوی "مریەم جەعفەری" تەمەن ٢٦ ساڵ، لە ڕێگای خواردنی "حەبـ"ـەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "لە لێکۆڵینەوەی سەرەتای ئەو ڕووداوە، گیانلەدەستدانی ئەو ژنە بە خواردنی حەب ڕاگەیەندرا، بەڵام پاش ئەو ڕووداوە مێردی ئەو ژنە لاوە خۆی دەشارێتەوە. پۆلیس بەهۆی گوماناویبوونی خۆکوژیی ئەو ژنە و خۆشاردنەوەی مێردەکەی، پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، حەوتووی ڕابردوو مێردی ئەو ژنە دەسبەسەر کرا و بکوژەکە دانی بە تاوانەکەیدا نا کە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، بە ئازار و لێدان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوژینەکەی".

سەرچاوەی کوردپا هەروەها وتی: "مێردی ئەو ژنە لە یەکێک لە ڕێستورانتەکانی شاری داڵاهۆ خەریکی کار بووە".