ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری لە گوندی "حەسەن نووران"ی شاری شنۆ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر ئەو گوندە و پێشیان لە بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمە، گرت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە سپای پاسداران، هەڕەشەیان لە دانیشتووانی گوندی حەسەننوورانی شنۆ کرد کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بانگهێشت و دەسبەسەر دەکرێن".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسداران، ناوی سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی "سەلیم ئەسکەندەر، ڕەحمان ڕەسووڵنژاد و سەنعان دانا" نووسیوە کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی لەم چەشنە دەسبەسەر دەکرێن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، بۆ سەر دانیشتووانی ئەو گوندە، خەڵک ڕێوڕەسمەکەیان بەڕێوەبرد.
لەلایەکی دیکەوە، لە مەهاباد، ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لەو شارە، بە هێنانی هێزێکی زۆر و بڵاوە پێکردنی خەڵک بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری، کەشوهەوای ئەو شارەیان ئەمنییەتی کرد.





