ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە ئەندامانی هەنگی سنووری لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە شاری پیرانشار کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا" سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕوویدا.
لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، "ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی "کەسرا عەبدوڵعەلیزادە" لەو شەڕدا، لاقی بریندار بووە.
ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە لە نزیک بورجەکی تەمەرچینی٢ ڕوویداوە؛ هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسایەتی ئەو شەڕەی بە ئەستۆ نەگرتووە.
کاتژمێر ١١ شەوی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان، لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە سنووری شاری سەردەشت دوو کەس لە ئەندامی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە ناوەکانی "ستوان یەکەم یووسف پیرانە و ئیستوار یەکەم مەحبووب قوربانی" کوژران.
ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان هۆکاری ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونانەیان خستووتە ئەستۆی "حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران".





