ئاژانسی کوردپا: لە ڕاستای جێبەجێکردنی گەڵالەی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە شاری کرماشان، پۆلیسی ئەمنییەتی ئەو شارە لە ١١٥ هاووڵاتیی ئەو شاره بەڵێننامەی وەرگرتووە و ٣١ کەس لەو پەیوەندییەدا دەسبەسەر کران.
هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا" لە زاری بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی شاری کرماشان بڵاوی کردەوە، لە ڕاستای جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیەدا، ٣١ماشێنی هاووڵاتییان ڕاگیراوە و ١١٥ هاووڵاتیش بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی شئوناتی ئیسلامی (بدحجابی) بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە.
محەممەد ڕۆستەمی ڕایگەیاند: "ڕاگرتنی ئەو ماشێنانە لە شوێنە هەستیارەکانی وەک، پاڕکەکانی تاقوسان، کوێستانەکان و پاڕکەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و شەقامە قەرەباڵغەکان بە تایبەتی نۆبەهار، گۆڕەپانی ١٧ی شەهریوەر، گۆڕەپانی ناوەندی و گلایول جێبەجی کراوە".
ئەو بەرپرسە نیزامییە بە ئاماژەکردن بە سەرپێچییەکانی ماشێنە ڕاگیراوەکان گوتی: "ئەو ماشێنانە بە هۆی سەرپێچیکردنی وەک "آلودگی صوتی"، ویڕاژدانی مەترسیدار، لەبەرکردنی جلوبەرگی نەشیاو و "کشف حجاب" و تەنگ پێهەڵچنین بە نامووسی خەڵک بووە".
بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی شاری کرماشان هەروەها ڕایگەیاند: "لە پەیوەندییەدا ٣١ کەسیش دەسبەسەر کراون که بۆ ٨ کەسیان دۆسیە ساز کراوە و بە ناوەندە قەزاییەکان ناسێندراون".
ناوبراو هەروەها دەڵێت: "لە ڕاستای ئەو گەڵاڵەیەدا، بەڵێننامە لە ١١٥ کەس بە هۆی خۆدانەپۆشینی شیاو وەرگیراوە کە لەو ڕیژەیەدا ٧٠ کەسیان ژن و ٤٥ کەسیان پیاو بوونه و هەروەها بە ٣٨٠ ژن و ٢٩٨ پیاویش هوشداری زارەکی داوە".





