ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، پاش گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسیی لە زیندانی ورمێ، دەستی داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "قادر محەممەدزادە"، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، پاش گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی دەستی داوەتە مانگرتن.
قادر محەممەدزادە، ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان، دەستی داوەتە مانگرتن.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، هۆکاری مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی بۆ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی و هەروەها گواستنەوەی زۆرەملێی ناوبراو لەسەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان بۆ بەندی کرێکاریی ڕاگەیاندووە.

ئەو زیندانییە کوردە، ساڵی ٨٤ی هەتاوی لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر کراون و لە لایەن لقی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە "مورخەسی دەرمانی" لە شاری بۆکان بە سەر دەبات، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی بیرجەند گوازرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە هۆی ئیش و ئازاری چارەسەرنەبوو لە مورەخەسی دەرمانیدایە، کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دووبارە بۆ زیندانی بیرجەند ڕەوانە کراوەتەوە.