ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان، کەمپەینێکیان بۆ هەرچی بە‌شکۆتر بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵات وەڕێخستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی"نەورۆزی خاکیپۆشەکان" داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە ڕەنگی خاکی، لەگەڵ جامانە و گوڵوەنی لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز ‌دا بەشداری بکەن.

چالاکانی کورد، ئەو کەمپەینەیان لە ڕاستای بەهێز کردنی خەباتی مەدەنی لە کوردستان و یەکیەتی گشتی کۆمەڵگا وەڕێخستووە.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە هێزی پێشمەرگە ئەم کەمپینەیان بە ناوی "نەورۆزی خاکیپۆشەکان" ناودێر کردووە و ڕایانگەیاندووە:" پێشمەرگە ئەو كەسانەن كە هەموو قورسایی خەباتیان لە سەر شان بووە؛ لە ڕاستیدا ئەوان بوون كە باری قورسی كوردایەتییان هەردەم هەڵگرتووە."

ئەوان دەڵێن: خاكیپۆشەكان هێشتاش هەڵگری گەورەترین بەهای نەتەوەیی ئێمەن. چونكە بە جلە خاكییەكانیانەوە هێمایەكن لە نەتەوەیەكی ئاوارە كە بەدوای ئارامی و ئاسایشی خاكەكەیدا دەگەڕێ.

ئەو کەمپەینە لەگەڵ پێشوازی بەرینی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەوان بە هەشتەکی نەورۆزی خاکیپۆشەکان(# نەورۆز_خاکیپۆشەکان) پشتیوانی خۆیان لەو کەمپەینە دەربڕیوە.

ساڵی ڕابردوو چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردستان، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "نەورۆزی جامانە" ڕێکخستبوو کە لەگەڵ پێشوازی بەربڵاوی خەڵک بەرەوڕوو بوویەوە و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش لە پێشوازی خەڵکی کوردستان لە "نەورۆزی جامانە" دژکردەوەیان نیشان دا.