ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی سونی مەزهەب و پێشنوێژی یەکێک لە گوندەکانی بەخشی زەرئاوای شاری کەنارەکی سیستان و بەلووچستان تێرۆر کرا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕێبەندان، یەکێک لە مامۆستا ئایینییەکانی گوندی "کلیر"ی شاری زەرئاوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن کەسێکی ئیتلاعاتییەوە تێرۆر کرا.
شوناسی ئەو مامۆستا ئایینییە بە ناوی" مەولانا عەبدولوهاب میران زەهی" و شوناسی کەسە بکوژەکەش بە ناوی "یەحیا کاروانی" ڕاگەیەندراوە.
دەوترێ، یەحیا کاروانی یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی ئیتلاعات بووە، شایانی باسە یەکێک لە پارێزەرەکانی مامۆستاش دوو گوللەی بەرکەوتووە.
تێرۆری هاووڵاتییانی بەلووچ و پەیڕەوانی سونی مەزهەبی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و هەتا ئێستە چەندین مامۆستا و هاووڵاتیی بەلووچی تێرۆر کراون.





