ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵی موکریان، بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهشت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "نیشتمان ئەسعەدی"، تەمەن ٣٣ ساڵ و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران ڕووی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کرد.
ئەو هەواڵنێرە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "من چەند جارێک بە هۆی چالاکیی مەدەنی و هەواڵنێرییەوە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بانگهێشت کراوم و دوایین جار لە چوون بۆ ئیداری ئیتلاعات خۆم بوارد".
دەڵێت: "بە پێچەوانەی داواکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، لە چوون بۆ ئەو ئیدارەیە خۆم بوارد و هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەبێ حوکمی قەزایی، سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەم نەکردووە".
ناوبراو ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو:"هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆشداریان بە من داوە لە ئەگەری هاوکاری نەکردنیان لەگەڵ کێشەی ئەمنییەتیی بەرەوڕوو دەبمەوە".
نیشتمان ئەسعەدی دەڵێت: "پاش نەچوونم بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەردەوام لەگەڵ من و بنەماڵەم پەیوەندییان دەگرت و هەڕەشەیان لێدەکردین".





