ئاژانسی کوردپا: ١٦ هاووڵاتیی کورد لە مانگی ژانوویە زایینی، لە لایەن دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و ئێعدام مەحکووم کراون.
بە پشتبەستن بە ئەو ئامارە، ١٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد، بە تۆمەتی "سیاسی و ئەمنییەتی" لە لایەن دادگاکانی ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوە و دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێنپەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە ئێعدام مەحکووم کراون.
تەواوی ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتگەلێ وەک "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" و "پڕوپاگەندە بە دژی نیزام" تاوانبار کراون.
زیندانییانی سیاسی لە ئێران زۆربەیان ئەندامانی گرووپە سیاسییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وەبلاکنووسان و ڕۆژنامەوان، چالاکانی کرێکاری و کەمینە ئایینەکانن. ئەوان بە تۆمەتگەلێ ناڕوون لەژێر ناوی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" لە زینداندان.
لە زۆربەی کاتەکاندا زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی لە دادگایی کردنی دادپەروەرانە و هەبوونی پارێزەر بێبەشن. زۆربەی زیندانییان پاش دەسبەسەرکردن بۆ ماوەی چەند مانگ لە گرتووخانە و ژوورە تاکەکەسییەکان چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە زۆرەملێ و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە ناچار بە دانپێنان دەکرێن.
بەپێی یاسای نوێی ئایینی دادڕەسی کەیفەری ئێران، ئەو زیندانییانەی کە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەکی ئێران" تاوانبار کراون، لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارێزەرەکەیان لە نێوان پارێزرەی دیاریکراوی دەزگای قەزایی هەڵدەبژێرن.
ئەوە ئامارە ڕێژەیییە و بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوکراوەتەوە. سەرەڕای نەبوونی میدیای ئازاد و زاڵبوونی کەشوهەوای ئەمنییەتی بەسەر کوردستاندا، شیمانەی ئەوە دەکرێت، کە ئەو ئامارە لەو زیاتر بێت کە بڵاوکراوەتەوە.





