ئاژانسی کوردپا: گیان لە دەستدانە ناسروشتییەکان، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای کرماشان ڕووی لە زیادبوون کردووە و لەو پەیوەندییەدا، نزیکەی ١٣٠٠ کەس لەو پارێزگایە بە شێوەی ناسروشتی گیانیان لە دەست داوە.

بەرپرسی گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، باسی لە هێنانی تەرمی ٢٠٢١ کەس بۆ پزیشکی یاسایی کرد، کە بە هۆی کارەساتی ناسروشتی گیانیان لە دەست داوە و ڕایگەیاند: لەو ڕێژەیە ١٣١٧ پیاو و ٧٠٤ کەسیان ژن بوون، کە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ٥٦ لەسەد زیادی کردووە.

ئارتین کەماڵی ڕایگەیاند: زۆرترین گیان لە دەستداوان بە هۆی ڕووداوی سروشتی، بەتایبەتی بوومەلەرزەکەی پاڕێزگای کرماشان بووە، کە ١٢٩٢ کەس گیانیان لە دەست داوە و لە ڕێژەیە ٧٨٣ پیاو ٥٠٩ کەس ژن بوون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە ڕایگەیاند: لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٥٢ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆی نێوشار و ٩١ کەسیش لە دەرەوەی شار گیانیان لە دەست داوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٢.٧ لەسەد زیادی کردووە، ناوبراو هەروەها باسی لە برینداربووانی ڕووداوی هاتووچۆ کرد و وتی: لەو ماوەیەدا ٨٩٤٢ کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ برینداربوون و بە نیسبەت ساڵی رابردوو ٢.٨ لەسەد زیادی کردووە.

ئارتین کەماڵی لە درێژەدا ڕایگەیاند، ٦ کەس بە هۆی گازگرتوویی "٤ ژن و ٢ پیاو"، ١٩ کەس بە هۆی خواردنی قورسی برنج "١٤ پیاو و ٥ ژن" و ١٥ کەس بە هۆی خنکان لە ئاودا "١٣ پیاو و ٢ ژن"، گیانیان لە دەست داوە.

بەرپرسی گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان لە درێژەدا بە ئاماژە کردن بە گیان لە دەستدانی ٩٢ کەس لەو پارێزگایە، بە هۆی بەکاربردنی ماددە سڕکەرەکان و "محرک" کە لەو ڕێژەدا ٨٤ پیاو و ٨ ژن گیانیان لە دەست داوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لە ماوەی ٩ مانگدا، سێ کەسی دیکە بە هۆی بەکاربردنی ئەلکول گیانیان لە دەست داوە.