ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری شنۆ هێرشیان کردە سەر یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە و ٧ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر گوندی "نەرزیوێ" سەر بە شاری شنۆ و ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندەیان بە ناوەکانی "فەتاح عەلی کورد، مامەند عەلی کورد، عومەر، کەماڵ، جەماڵ، عوسمان، و ئەبووبەکر نەوبەخت" دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش ئەوەی گەمارۆی گوندی "نەرزیوێ"یان دا، بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیان کوتا سەر ماڵی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە و هەوڵی دەسبەسەر کردنی ئەوانیان دا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو ٧ هاوووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.





