ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی " ڕووناک ڕەسووڵی" کچی سەید ڕەسووڵ، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە لاوە کە دایکی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵەیە، بە هۆی کێشە بنەماڵەییەوە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە هێرش دەکرێتە سەری و دەکوژرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو ژنە لاوە پاش بەرکەوتنی زەربە لە سەری، تووشی خوێنڕێژی نێوخۆیی بووە و ئەمەش بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.

توندوتیژی دژی ژنان یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی بێهداشتی گشتییە و لە نموونە بەرچاوەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە ئەژمار دێت، بەڵام لە ئێران گەڵاڵەی دابین کردنی ئەمنییەت دژی ژنان لە لایەن مەجلیس و دەوڵەت بە ناڕوونی ماوەتەوە.