ئاژانسی کوردپا: ١٠ ساڵ لە گیان لەدەستدانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی پەیام نووری شاری سنە تێدەپەڕێت و هەتا ئێستە هیچ کەسێک لەو پەیوەندییەدا، وەکوو تاوانبار نەناسراوە و دۆسیەی قەزاییی ناوبراو بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتووە.
ئەو خوێندکارە کوردە، لە ژێر ئەشکەنجە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا گیانی لە دەست دا و "ئەمیری" جێگیری دۆزگەری شاری سنە و "مێهدی مەولاوەلی" بە ناوی "خوازەییەی "هاتفی"یەوە، جێنشینی بەرپرسی ئیتلاعاتی سنە و بەرپرسی گوزینشی وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای سنە، لە بەرپرسانی لێکۆڵینەوەی ئەو خوێندکارە کوردە بوون.
ئاژانسی کوردپا، بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی گیانی لەدەستدانی ئەو خوێندکارە و هۆکاری بەئاکام نەگەیشتنی دۆسیەی قەزایییەکەی، لەگەڵ موختار زارعی، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە و خوێندکاری بەشی یاسا و لە هاوخوێندکارانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی وتووێژێکی ئەنجام داوە.

موختار زارعی دەڵێت: ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی ١٦ی بەفرانباری ٨٦ی هەتاوی، ١٠ ساڵ پێش لە کاتی ئیمتحانی کۆتاییدا دەسبەسەر کرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئیداری ئیتلاعات ڕاگوێزرا، پاش چەند ڕۆژ ناوبراویان بۆ قەرەنتینەی زیندانی سنە گواستەوە و پاش دوو ڕۆژتر دووبارە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گەڕاندیانەوە و لەو ماوەیەدا کە ئەویان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بردووە، چ ڕووی داوە هیچ لەو بارەیەوە دیار و ڕوون نییە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیدعای ئەوە کردووە، کە ئیبراهیم خۆکوژی کردووە و تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەیان کردووە و بنەماڵەکەی نە پاش و نە پێش لە گیان لەدەستدانی ئیبراهیم ناوبراویان نەدیتووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان ئێوارەی ٢٥ی بەفرانبار، تەرمەکەی ئەو خوێندکارە کوردە بە خاک دەسپێرن.
ناوبراو دەڵێت: بنەماڵەی ئیبراهیم بە پارێزەریی "ساڵح نیکبەخت" پارێزەری کورد، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە دژی ئیدارەی ئیتلاعات سکاڵایان تۆمار کردووە.
دەقی تەواوی ئەم وتووێژە، لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.





