ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی کارگەی مەنسووجی "کیان کرد"ـی شاری مەڵایەر کە ماوەی ٦ مانگە مووچە و دوو ساڵە نەورۆزانەیان پێ نەدراوە، لە بەردەم ئەو کارگەیە، مانیان گرت.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نزیکەی ٢٥٠ کرێکاری کارگەی مەنووسجی "کیان کرد"ی شاری مەڵایەر، ماوەی ٦ مانگە لە لایەن کارفەرماوە پارەیان پێ نەدراوە و هەروەها دوو ساڵیشە نەورۆزانەیان وەرنەگرتووە، بەو هۆیەوە لە بەر دەرگای کارگەکە مانیان گرتووە و لە هەمبەر نەدانی پارەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
هەواڵدەریی ئیلنا لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، کە کۆبوونەوەی مانگرتنی ئەو کرێکارانە لە بەردەم ئەو کارگەیە لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ بەفرانبار بووە و ئەوان داوای پارە دواکەوتووکانی خۆیان دەکرد، هەروەها بە هۆی کەمی نەختینەیی، جێژانەی ساڵی ٩٥ و ٩٦ی ئەوانیش نەدراوە.
کارگەی کیان کرد، لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی دامەزراوە و لەگەڵ گەمارۆ خستنە سەر ئێران ئەو کارگەیە، تووشی مەندیی ئابووری بووە.
لە لایەکی دیکەوە، کرێکارانی مانگرتووی کارگەی "نیشکر هفتتپە" کە لە هەمبەر بەڵێنە درۆینەکانی خاوەنکارەکان ناڕەزایەتی و مانیان گرتبووە، کە پاش بەڵێن پێ دانی خاوەنکارەکان بە کرێکاران کۆتایی پێ هات.
ڕاستەیەکەی ئەوەیە کە وێڕای قەدەخەکردنی هەر جۆرە مانگرتن و کۆبوونەوە پێکهینانی ڕێکخراوی سەندیکای کرێکاری، وێڕای سەرکوت کردنی هەمە لایەنەی رێکخراوە ناڕازییەکان و مێژووی جەنایەتکارانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر کرێکاران، ئەو حکوومەتە نەیتوانیوە کرێکاران بێدەنگ و ملکەج بکات. ناڕەزایەتی کرێکاران ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگایە، کە لەم ساڵانەی دوایدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو کرێکاراندا پەرەی سەندووە.





