ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری شاری شنۆ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری کورد، خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوەکانی "عەبدوللەتیف شەعبانی" و "شوان مەحموودی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی دەشتەبێڵ بە سەختی بریندار کران.
ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری تەورێز گوازرانەوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشكی دان.
ساڵانە زیاتر لە سەدان کۆڵبەر، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنەخوار لە بەرزاییەکان و ڕاودوونانیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، لە سەر سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست دەدەن، کە زۆرترینی ئەو حاڵەتانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.





