ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان لە سنووری نێوان پارێزگای ورمێ و وڵاتی تورکیە تەقەیان لە سێ کۆڵبەری کورد کرد کە لە ئاکامدا دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، سێ کۆڵبەری کورد خەڵکی ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێ، لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت پێکران.
هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی سۆما و برادۆست شوناسی دوو کۆڵبەرە کوژراوەکەی بە ناوەکانی "م.ق" تەمەن ٢١ ساڵ و "الف ق" تەمەن ٢٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی کۆڵبەرە بریندارەکە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم سێ کۆڵبەرە هیچ شتومەکێکیان پێ نەبووە و هێزە سنوورپارێزەکان بەبێ هۆ تەقەیان لێکردوون.
بە وتەی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی "کۆڕان" لە ناوچەی سۆما و برادۆست، هەتا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکیان لە سەر چۆنیەتی کوژران و بریندار بوونی ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە نەداوە.
ڕوودانی ئەو رووداوە لە حاڵێکدایە کە وەزیری ناوخۆی ئێران حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، پیشەی کۆڵبەری نامێنێت و بۆ ئەو گوندانە هەتا ٥٠ کیلۆمێتری دەکەونە سەر سنوور، کارتی پیلەوەرییان بۆ دروست دەکرێت.





