ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری ورمێ کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژ پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچەی سۆما و برادۆست دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و پاش دەسڕێژ لە کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی" مەزهەر سەلحشووری" بە سەختی بریندار دەبێت.
ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لای ئەژنۆیەوە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.
لەو پەیوەندییەدا، کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ١ی بەفرانبار، تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە گوندی "زەڵی" شاری بانە، بریندار بوونی کۆڵبەریكی کوردی بە ناوی "عادڵ محەممەدپوور" خەڵکی گوندی "سیاومە"ی لێ کەوتەوە.
هەروەها، کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ٣٠ی سەرماوەز، دوو کۆڵبەری کورد، بە ناوەکانی "مێهدی ئەحمەدپوور" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی گوندی "بڕویشکانی" و "کارساز عەزیزی" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی "کێلێ" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی بە سەختی بریندار کران و هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لە زاری پزیشکانی نەخۆشخانەوە ڕایگەیاندووە: باری تەندروستیی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە نالەبارە.





