ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد، مامۆستا و پێشنوێژی گوندی "سەهۆڵان"ی ئەو شارەیان بانگهێشت و لێپرسێنەوەیان لەگەڵ کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی بەرفرانبار، مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی سەهۆڵانی شاری مەهاباد، بە ناوی "موراد ئەکرام" لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان مامۆستا مورادیان بە بیانووی پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە "توندئاژۆوەکان" بانگهێشت و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کردووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: شۆرا و ڕیشسپییەکانی گوندی سەهۆڵان بە واژۆکردنی "استشهاد محل" و شایەتی دان، لە هەوڵی ئەوەدا بوون بەڵگەی بێتاوانیی ئەو مامۆستایە بسەلمێنن.
ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە نزیکانی مامۆستاوە ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات دەیەویست مامۆستا لەو ناوەندە حکوومەتییە ڕابگرێت، بەڵام بە هەوڵی شۆرا و ڕیشسپییەکانی گوندی سەهۆڵان، هەوڵەکانیان بێئاکام بوو.





