ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت، چوار سەر ئەسپی کارسبکارانیان لە گەوڕ بە شێوەی نایاسایی هێنایە دەرەوە و لەگەڵ خۆیان بردیان.
بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١ی بەفرانبار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی، لە گوندی "مەزناوێ"ی شاری سەردەشت هێرشیان کردووەتە سەر ئەو گوندە و دەستیان بە سەر چوار سەر ئەسپی دوو کاسبکاردا گرت.
شوناسی ئەو دوو کاسبکارە کوردە بە ناوەکانی "عومەر زانکۆ مارەغانی" و "سەدر مەزناوێ" ڕاگەیاندراوە.
هێزە ئینتزامییەکان دوو ڕۆژ پێشیش، هێرشیان کردە سەر گوندی گردەسوور و ٦٥ سەر ئەسپی کاسبکارانیان لەگەڵ خۆیان برد؛ پاش دوو ڕۆژ ڕاگرتنی ئەسپەکان لە پاسگای سێلوێ بەبێ ئالیک، بۆ دانەوەی هەر ئەسپێک بڕی ١ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنیان لە خاوەنەکانیان وەرگرت.





