ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بارینی بەفر و خراپی ڕێگەوبانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە جاددەی نێوان سەقز _دیواندەرە ١٥ هاووڵاتی بە ڕووداوی هاتوچۆ بوونە قوربانی.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی ڕابردوو ١٧ی سەرماوەز، بە هۆی پێکدادانی سێ ماشین لە جۆرەکانی "پێژۆ ٤٠٥، پێژۆ پارس و خاوەری بێنز" لە جاددەی نێوان سەقز _دیواندەرە ١٠ هاووڵاتیی بریندار بوون و ٥ هاووڵاتیی دیکەش کە ئەندامی یەک بنەماڵە بوون گیانیان لە دەستدا.
ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی رابردوو ڕوویداوە و قوربانی بوونی ١٥ هاووڵاتیی لێکەوتووەتەوە.
خراپی دۆخی ڕیگەوبانەکانی وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ناوەبەناوە ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش لەوپەڕی خەمساردیدا، هەر ڕۆژە و گەندەڵییەکی ئابوورییان لێ دەردەکەوێ. سەروەت و سامانی وڵات دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی نابەرپرس و خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانیی خەمساردیی و کەموکوڕییەکانی ئەوان.
پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی "بولتن نیوز" باسی لە نێونجی کوژران و برینداربوونی ڕووداوی هاتوچۆی لە ئێران کردبوو؛ بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، شیمانەی نێونجی ٢٣ هەتا ٢٧ هەزار کوژراوی دەرئەنجامی پێکدادانی ماشینەکان لە ماوەی یەک ساڵدا و هاوکات ٢٥٠هەزار برینداری ڕووداوی هاتوچۆ دەکرێت، کە دەکرێ بڵێین هەر ساڵ بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئێران ڕوو دەدات.





