ئاژانسی کوردپا: نەخۆشییەکانی دڵ، هەناو، شێرپەنجە و ڕووداوە نەخوازراوەکان سێ هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی نزیکەی ٣ هەزار هاووڵاتیی شاری کرماشان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٦٤٠ هاووڵاتیی لە ئاستی پارێزگای کرماشان بە هۆی نەخۆشینی جۆراو جۆر و رووداوی لە ناکاو گیانیان لە دەست داوە.
هەواڵدەریی حکوومەتی"ئیسنا" لە زاری بەڕێوەبەری باری کەسیەتی پارێزگای کرماشانەوە بڵاوی کردەوە کە ٢٣٠٠ هاووڵاتیی لە ئاستی ئەو پارێزگایە بەهۆی نەخۆشینی دڵ و هەناو لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، گیانیان لە دەست داوە.
عەلیڕەزا قوبادی هەروەها ڕایگەیاند: ٦٤٠ هاووڵاتیی دیکەی تووشبووی نەخۆشی"شێرپەنجە" لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، گیانیان لە دەست داوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: لە کۆی گشتی گیان لە دەستدانی ٥٣٤٩ هاووڵاتی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٣٥٦ کەس بە هۆی نەخۆشینی دڵ و هەناو، ٦٤١ کەس بە هۆی شێرپەنجە و ٤٣٧ کەسیش بە هۆی ڕووداوە نەخوازراوەکان لەو پارێزگایە گیانیان لە دەست داوە.
بە وتەی بەرپرسی باری کەسیەتی، لەو ماوەیەدا، ٢١ کەس بە هۆی کێشە و شەڕ، ٣٣ کەس بە هۆی خۆکوژی و هەروەها ٦ کەسیش بە هۆی ئاسەوارەکانی دوو گیانی و منداڵبوون مردوون.
عەلیرەزا قوبادی هەروەها دەڵێت: نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو، شێرپەنجە و ڕووداوە لەناکاوەکان، بە سێ کوچکەی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییانی پارێزگای کرماشان دەزانێت.





