ئاژانسی کوردپا: میدیاکانی سەر بە حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو و سیستماتیک لەبارەی بارودۆخی کەرکووک هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، میدیاکانی سەر بە حکوومەتی ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و بە تایبەت شەڕی ڕەوانی دژی نەتەوەی کورد و ئاڵۆزترکردنی بارودۆخی شاری کەرکووک هەواڵی چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە.
میدیاکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرین و بەردەوام هەواڵی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە کەرکووک بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە پێشڕەوی دان.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە باشووری کەرکووک و تازەخورماتوو لە چەندین بەرەوە بە هامێر و چەکی ئامریکایی هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە، ژمارەیەک هامەریش تێکشکێندراون".
حکوومەتی ئێران هۆکاری سەرەکی شەڕ و ئاڵۆزی لە کوردستان و ناوچەکەیە و بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامی ئێران لە کەرکووک پیلان دژی نەتەوەی کورد و هەروەها خاکی کوردستان دادەڕێژن.
بەپێچەوانەی هەواڵە ناڕاست و چەواشەکارانەی میدیاکانی ئێران شاری کەرکووک لە لایەن خەڵک و پێشمەرگە بە تەواوەتی پارێزراوە و هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشی دان.
هەروەها فەرماندەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا.
لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستان بە شێوەی خۆبەخش لە هەموو شارەکانی کوردستان بۆ بەرگری لە شاری کەرکووک چوونەتە شاری کەرکووک.





