ئاژانسی کوردپا: ژەنیار و هونەرمەندی کورد بە ناوبانگی خەڵکی شاری سەقز وێڕای مەحکووم کردنی کوژرانی کۆڵبەران بە گشتی و دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تایبەتی، ناڕەزایەتی دەربڕێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی عابدی ژەنیار و هونەرمەندی نەتەوەی کورد خەڵکی شاری سەقز وێڕای هاوخەمی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی ئەو دوو کۆڵبەری کورد ڕایگەیاند: "کۆڵبەری نیشانەی نابەرابەری و هەڵاواردنی کۆمەڵگای کوردستانە".

ئەو ژەنیارە کوردە دەڵێت: "جا ئێستا کە هاونیشتمانیانمان بە کۆڵبەری ڕازی بوون و بە کۆڵی خۆیان و ئارەقی نێو چاوان و شەرەف و غیرەتیان لەو شاخە نان پەیدا دەکەن، دەیان کووژن".

ئەو هونەرمەندە کوردە هەروەها دەڵێت: "ئەمە کارەساتە و بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت و ئەگەر لە بەر نان و ژیان نەبێت بۆ ڕوو لە پێشەی کۆڵبەری دەکەن".

عەلی عابدی ئەوەشی خستەڕوو کە، من ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بووم بە دەنگی هەڵەبجە و سەردەشت و شەنگال و کۆبانێ و چەندین کارەساتی‌تر و لە هەمبەریان بێدەنگ نەبووم، ئێستاش ئەم کارەساتە لە هەڵەبجە و سەردەشت و هتد بە کەمتر نازانم.

ناوبراوە هەروەها دەڵێت: "من پێم وایە ئێستا کۆڵبەران بە ئارامی جینۆساید دەکرێن. سەرەحۆشی خۆم له بنەماڵەی کۆڵبەرانی ئەو کارەساتە دەکەم و کوشتنی کۆڵبەران بە هەر شێوەیەک و بە هەر بیانوویەک ئیدانە دەکەم" .

عەلی عابدی بە ئاماژە کردن بە کردوەکانی موحسێن بیگلەرتی دەڵێت: "نوێنەری سەقز و بانە " موحسین بیگلەری " بەرپرسی گیانی ئەو کۆڵبەرانە و کۆڵبەرانی داهاتوو و سەرجەم کەمایەسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سەقز و بانەیە".

ئەو هونەرمەندە کوردە لە کۆتاییدا دەڵێت: "موحسێن بیگلەری هەموو هەوڵی خۆی لەسەر تایەفەگەری و ناوچەگەرایی و باندبازی و ئاشنابازی داناوە و لە هەمبەر ئەو هەموو کێشە و گرفتانە نابەرپرسە" .