ئاژانسی کوردپا: کرێکارێكی کورد، خەڵکی شاری سنە لە کاتی کار کردن لە بیرێکی ٢٥ مێتری دەکەوێتە ناو بیرەکە و گیانی لە دەست دەدا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی خەرمانان، کرێکاڕێکی کورد، لە کاتی کارکردن لە بیرێکی ٢٥ مێتری بەر دەبێتەوە و گیانی لە دەست دا.
هەرچەند هەواڵدەریی "ئیسنا" شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی بڵاو نەکردووتەوە، بەڵام تەمەنی ئەو کرێکارەی ٥٥ ساڵ ڕاگەیاندووە.
ئەو کرێکارە کوردە لە یەکێک لە ئاژەڵدارییەکان"دامداری" هەڵکەوتوو لە نێوان جاددەی سنە_کرماشان تووشی ئەو ڕووداوە بووە.
قووڵایی ئەو بیرە ٢٥ مێتر بووە و تەنیا ٥ مێتری ئاوی تیدا بووە.
زۆربەی کات هەواڵدرییە حکوومەتییەکان ناوی کرێکاران بڵاو ناکەنەوە هەروەها لە ڕووماڵ کردنی ڕووداوی کار خۆیان دەبوێرن.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمان، ژنێک و سێ منداڵی کرێکار، خەڵکی مەهاباد لە کوورەخانەیەکدا لە شاری وایقان لە ناوچەی شەبستەری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە کاتی کار کردن تووشی ڕووداوی کار هاتن و بە سەختی بریندار بوون.
شوناسی ئەو چوار ژنە کرێکارە کوردە، شەهلا محەممەدزادە تەمەن ٣٥ ساڵ، فاتمه ئیبراهیمزادە تەمەن ١٠ ساڵ، سۆزان عومەری تەمەن ١٤ ساڵ و سازگار عومەری تەمەن ١٤ ساڵ ڕاگەیەندراوە.
بە هۆی نەبوونی ئەمنییەت لە شوێنی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران، ساڵانە دەیان کرێکاری کورد قوربانی ڕووداوەکانی کار دەبن.





