ئاژانس کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری کرماشان لەهەمبەر گەڕاندنەوەی سەرمایەی هاووڵاتییانی کورد دەستەوەستانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارەدانانی هاووڵاتییان لە نووسینگەی گڵێم و گەبەی کرماشان لەلایەن داواکاری گشتییەوە، بێ گەڕانەوە ڕاگەیەندرا.

ئەو بەرپرسە قەزاییە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە سەرمایەدانەران کرد کە " فریوخواردن و زیان لێکەوتنیان پەسند بکەن."

بە وتەی موحەممەدحسەین سادقی؛ زۆرێک لە داراییەکانی تۆمەتبار بە گەندەڵی، لە شوێنە جیاجیاکانی وڵات پەرتەوازەیە و تەنانەت دەلوێ کە گەڕاندنەوەیشیان بێ بایەخ بێ."

کەسی تۆمەتبار بە ناسنامەی موحەممەدڕەزا موشیری، ساڵی ٩١ی هەتاوی بە مۆڵەتی فەرمیی ئیدارەی پیشەسازی و کانگاکای کرماشان دەستی بە چالاکی لەبواری بەرهەمهێنانی فەرش و گڵێمدا کردووە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی حکوومەتی، قەرزی ١٦٨ میلیارد تمەن لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو یەکە بەرهەمهێنەرە "حەپەلووش کراوە."

داواکاری کرماشان دانی بەوەدا نا کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا "هیچ کەس و لایەنێک" بەسەر چالاکیی نووسینگەی ناوبراودا چاوەدیریی نەکردووە.

لە دۆسیەی گەندەڵیی میلیاردی نووسینگەی گڵێم و گەبەی کرماشان، یازدە هەزار و ٣٦٣ کەس وەکوو "ماڵ دۆڕاو" لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە.