ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کۆڵبەرانی خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی سەرما و سۆڵ لە بەرزایی شاخەکانی کوردستان، لاقێکی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دوو شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد کە بۆ یەکەم جار و لە بێکاری ڕووی لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری کردبوو، تووشی سەرما و سۆڵ بوو و لاقێکی لە دەست دا.

هەواڵنێر کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی"س.ڕەسووڵی" خەڵکی گوندی"ئاغەڵان"ی شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

سەرچاویەکی باوەرپێکراو لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ناوچەی"دوو پەزە"ی شاری سەردەشت بە هۆی سەرماوە توانای جەستەیی خۆی لە دەست داوە کە بە هاوکاری دانیشتوانی گوندی"بێواران" و "نشکۆڵان" بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بارودۆخی ناڵەباری ئابووری، دانەمەزراندنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوەند و ئیدارە دەوڵەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە هاووڵاتیان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو لە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن و ڕۆژانە شاهێدی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەبین.