ئاژانسی کوردپا: بۆ ڕێزگرتن لە کەسانی ناوداری نەتەوەی کورد، پەیکەری شاعیر ئەحمەدی کۆڕ و وەرزشوانی کورد سیامەند ڕەحمان لە شنۆ دانرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ڕێزگرتن لە شاعیری کورد "شێخ ئەحمەدی کۆڕ" و وەرزشوانی بەناوبانگی جیهان "سیامەند ڕەحمان"، پەیکەری ئەو دوو کەسە لە شاری شنۆ ڕوونوێنی کرا.
شێخ ئەحمەدی کۆڕ ساڵی ١٢٢٦ی هەتاوی لە شاری شنۆ لەدایک بووە و ساڵی ١٢٨٦ی ھەتاوی لە شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
ئەحمەدی کۆڕ لە گوندی "شێوە سماک"ی سەر بە شاری شنۆ لەدایک بووە و لە ناوچەی بۆکان گیرساوەتەوە و تا کۆتایی ژیانی لە گوندی "عەمبار"ی بۆکان بووە.
شێعرکانی شێخ ئەحمەد، ھەردوو توخمی کرمانجیی ژوورو و خوارووی تێدایە و لەژێر کاریگەریی ئەدەبی عەرەب و عەجەمدا بووە و ئایین له شێعرەکانیدا بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە.
دیوان و ژیاننامەی شێخ ئەحمەدی کۆڕ، لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینییدا بەچاپ گەیشتووە.
هەروەها "سیامەند ڕەحمان"، وەرزشوانی بواری "هەڵگرتنی قورسایی"، ساڵی ١٩٨٩ی زایینیی له شاری شنۆ لەدایک بووە و ناوبراو لە کێبڕکێکانی "پارائۆلەمپیکی"٢٠١٢ی لەندەن و ٢٠١٦ی ڕیۆ" توانی خەڵاتی زێڕ بۆخۆی مسۆگر بکات و ڕێکۆردی پارائۆلەمپیک بشکێنێت.





